یاسای کارتی زەرد لە چامپیۆنزلیگ و خولەکانی ئەورووپا گۆڕانکاری بەسەردا هات
پوختەی هەواڵ:
- فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا ژمارەی کارتە زەردەکانی بۆ سزادانی یاریزانان لە سێ کارتی زەردەوە بۆ چوار کارت زیاد کرد.
- لەبری ئەوەی یاریزان دوای سێ کارتی زەرد ڕابگیرێت، لەمەودوا دوای چوار کارتی زەرد ڕادەگیرێت
- دوای کارتی چوارەم، بە وەرگرتنی دوو کارتی زەردی دیکە سزای ڕاگرتن دووبارە دەبێتەوە.
- یوێفا پێش دەستپێکردنی وەرز سەرجەم یانە و یەکێتییە وەرزشییەکانی لەم گۆڕانکارییە ئاگادار کردووەتەوە.
- بڕیارەکە لە وەرزی 2026/2027 لە هەر سێ پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکەدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا (یوێفا) بە فەرمی گۆڕانکاریی لە سیستەمی سزادانی یاریزانان بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکانەوە ڕاگەیاند، کە هەر سێ پاڵەوانێتیی خولی یانە پاڵەوانەکان، خولی ئەورووپا و خولی کۆنفرانس دەگرێتەوە و لە وەرزی 2026/2027 دەست پێ دەکات.
بەپێی یاسا نوێیەکە، سەرجەم یاریزانان و ئەندامانی دەستەی ڕاهێنەران دوای وەرگرتنی چوار کارتی زەرد بۆ یەک یاری ڕادەگیرێن، لە پێشووشدا ئەم یاسایە بە جۆرێک بوو کە یاریزانان دوای سێ کارتی زەرد ڕووبەڕووی کەڵەکەبوون دەبوونەوە و بۆ یارییەک ڕادەگیران، ئەم زانیارییانە لەلایەن ڕادیۆی "مۆنت کارلۆ"ی فەرەنسییەوە پشتڕاست کراونەتەوە.
دوای دوو کارت و سزایەکی دیکە
لە بەشێکی دیکەی یاساکەدا هاتووە، دوای تێپەڕاندنی سەرپێچی و سزادانی یەکەم، جارێکی دیکە یاریزان سزا دەدرێتەوە ئەگەر بێتو دوو کارتی زەردی دیکە وەربگرێت، واتا دوای کارتی شەشەم، هەشتەم و دەیەم بە هەمان شێوە یاریزانی سزا دراو سزای ڕاگرتن دەدرێتەوە.
یوێفا ڕایگەیاندووە کە پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێ، تەواوی یەکێتییە نیشتمانییەکان و یانە بەشداربووەکانی لەم بڕیارە نوێیە ئاگادار کردووەتەوە، بڕیاریشە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا لە 8ی ئەیلوول، خولی ئەورووپا لە 16ی ئەیلوول و کۆنفرانس لیگ لە 15ی تشرینی یەکەم دەست پێ بکەن.
3 کاتژمێر پێش ئێستا