ترابزۆنسپۆر و محەممەد سەڵاح بەم نزیکانە گرێبەست واژۆ دەکەن
پوختەی هەواڵ:
- یانەی ترابزۆنسپۆری تورکی بە فەرمی دانوستانەکانی بۆ گواستنەوەی محەممەد سەڵاح دەست پێ کرد.
- سەڵاح ئەمڕۆ، چوارشەممە دەگاتە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستانبوڵ و ڕاستەوخۆ دەچێت بۆ تراپزۆن.
- گرێبەستی سەڵاح بۆ ماوەی دوو وەرز دەبێت و بڕگە و ئیمتیازی بازرگانیی گرنگ دەگرێتەوە.
- سەڵاح دوای نۆ ساڵ لە درەوشانەوە، کۆتایی بە کاروانی وەرزشیی خۆی لەگەڵ لیڤەرپوول هێنا.
یانەی ترابزۆنسپۆری تورکی بە فەرمی دەستپێکردنی دانوستانەکانی لەگەڵ محەممەد سەڵاحی ئەستێرەی میسر ڕاگەیاند، بەم نزیکانەش ڕێکارە یاساییەکان کۆتایی پێ دەهێنن و بەفەرمی گرێبەستی نێوانیان واژۆ دەکەن.
تراپزۆنسپۆر لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کردووە کە سەڵاح ئەمڕۆ چوارشەممە دەگاتە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستانبوڵ، ئێوارەی هەمان ڕۆژ بەرەو شاری ترابزۆن بەڕێ دەکەوێت.
دیاریکردنی کاتی گەیشتنی سەڵاح دوای ئەوە هات کە دانوستانەکانی لەگەڵ یانەی بێشکتاش شکستیان هێنا و ترابزۆنسپۆر توانی بە هێزەوە بێتە سەر هێڵ.
دوو وەرز و دەیان مەرج
چاوەڕوان دەکرێت کاپتنەکەی هەڵبژاردەی میسر گرێبەستێک بۆ ماوەی دوو وەرز لەگەڵ یانەکەی تورکیا واژۆ بکات، کە کۆمەڵێک مەرجی بازرگانیی گەورە لە خۆ دەگرێت.
ئەگەر ئەم گرێبەستەش بەبێ کێشە واژۆ بکرێت، دەبێتە یەکێک لە گەورەترین گواستنەوەکانی مێژووی ترابزۆنسپۆر لە ڕووی میدیایی و بازرگانییەوە، یانەکە پشت بە ئەزموونی سەڵاح دەبەستێت بۆ کێبڕکێکردن لەسەر نازناوی خولی سوپەری تورکیا و خولەکانی ئەورووپا، بەتایبەت دوای ئەوەی وەرزی ڕابردوو خانەی سێیەمی خولی تورکیای گرت و بەشداریکردنی لە خولی ئەورووپادا مسۆگەر کرد.
3 کاتژمێر پێش ئێستا