نۆژەنکردنەوەی یاریگای یانەی وەرزشی سلێمانی دەستیپێکرد
لەسەر بڕیار و ڕاسپاردەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی یانەی وەرزشی سلێمانی، کارەکانی نۆژەنکردنەوەی بنەڕەتی بۆ یاریگای یانەی وەرزشی سلێمانی چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەبارەی دەستپێکردنی کارەکان، نیشتمان محەمەد، بەڕێوەبەری کارگێڕیی یانەی وەرزشی سلێمانی ڕایگەیاند: «لەسەر ڕاسپاردەی ڕاستەوخۆی سەرۆکی یانە، پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی یاریگاکەمان دەستپێکردووەو لە قۆناغی یەکەمی کارەکاندا، چیمەنی کۆنی یاریگاکە بەتەواوی هەڵدەگیرێت و چیمەنێکی نوێی هاوچەرخ و شایستە دەروێنرێت.»
لە ئێستادا کارەکانی قۆناغی یەکەم سپێردراوە بە کۆمپانیایەکی ناوخۆیی پسپۆڕ و دەست بە جێبەجێکردنی کارەکان کراوە.
بڕیارە تاوەکو سەرەتای مانگی یانزەى ئەمساڵ، سەرجەم کارەکانی ئەم قۆناغە بەکۆتا بهێنرێن.
یاریگای یانەی وەرزشی سلێمانی کە ناسراوە بە «مەلعەبەکەی چوارباخ»، لە ساڵی 1959 بونیاد نراوە و بۆ چوارەمین جارە لە مێژوویدا نۆژەن دەکرێتەوە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا