ڕۆما زۆر نزیکە لە یەکلاییکردنەوەی گرێبەستی مۆلینا
بەگوێرەی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان، یانەی ڕۆمای ئیتاڵی لەسەر لێواری گەیشتنە بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، بەمەبەستی گواستنەوەی ناهوێل مۆلینای بەرگریکاری ئەرجەنتین بۆ ڕیزەکانی.
بڕی گرێبەستەکە
تۆڕی هەواڵی سپۆرت میدیاسێت لە زاری فابریزیۆ ڕۆمانۆی ڕۆژنامەنووسی باوەڕپێکراوەوە بڵاویکردەوە، کە بەهای گشتیی گرێبەستەکە دەگاتە 18 ملیۆن یۆرۆ، لەگەڵ مووچەی ساڵانەی 2.7 ملیۆن یۆرۆ بۆ یاریزانەکە.
کەی گرێبەستەکە تەواو دەبێت؟
پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا، ئەو یاریزانە نێودەوڵەتییە ئەرجەنتینییە بگاتە شاری ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بۆ ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکان، پاشان ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هاوڕێ نوێیەکانییەوە دەکات لە کەمپی مەشق و ڕاهێنانەکانی ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێ کە لە وێڵز بەڕێوەدەچێت.
یاریزانێکی نایاب و نرخێکی کەم
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە گرێبەستەکەی ئێستای لەگەڵ ئەتلەتیکۆ مەدرید لە مانگی حوزەیرانی 2027 کۆتایی دێت، تێچووی ئەم گرێبەستە زۆر کەمتر بوو لەوەی چاوەڕوان دەکرا بۆ یاریزانێک کە لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی گەیشتووەتە یاری کۆتایی مۆندیال.
ئەوەش دەبێتە خاڵی گەڕانەوەی مۆلینا بۆ خولی ئیتاڵیا، چونکە پێشتر لە نێوان ساڵانی 2020 بۆ 2022 درێسی یانەی ئودینێزی پۆشیوە، پێش ئەوەی بەرامبەر بە بڕی 20 ملیۆن یۆرۆ ڕوو بکاتە یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید.
1 کاتژمێر پێش ئێستا