گەلاوێژ کەوت..ئەستێرەى بەرەکەت و فێنکى
پوختەى بابەت
- گەلاوێژ ئەستێرەیەکی زۆر گەش و پرشنگدارە کە پێنجی مانگی ئابى هەموو ساڵێک لە بەرەبەیانیی شەوی14 بۆ 15ـی گەلاوێژ دەردەکەوێت.
- لە فۆلکلۆری کوردی، کەوتنی گەلاوێژ واتای گەیشتنی نیوەی دووەمی چلەی هاوینە.
- لەو کاتەوە شەوەکان بەرەو درێژبوون دەچن، ڕۆژەکان کورتتر دەبن، شەوان فێنک دەبێت و وردە وردە لە ڕۆژیشدا و گەرمای هاوین دەشکێت.
- یەکەم شوێنەکانی بینینی گەلاوێژ ناوچە شاخاویی و کوێستانەکانن، بە تەجروبەی هەورامییەکان لە هەواری گەناو، نزیک هەورامانی تەخت، یەکەمجار دەبینرێت.
ئەستێرە گەشەکە
گەلاوێژ ئەستێرەیەکی زۆر گەش و پرشنگدارە کە هەموو ساڵێک لە بەرەبەیانیی پێنجی مانگی ئاب (شەوی 14 بۆ 15ـی گەلاوێژ) دەردەکەوێت.
هاتنی نیوەی دووەمی چلەی هاوین
لە فۆلکلۆری کوردی، کەوتنی گەلاوێژ واتای گەیشتنی نیوەی دووەمی چلەی هاوینە؛ لەو کاتەوە شەوەکان بەرەو درێژبوون دەچن، ڕۆژەکان کورتتر دەبن، شەوان فێنک دەبێت و وردە وردە لە ڕۆژیشدا و گەرمای هاوین دەشکێت.
گەلاوێژی کوێستانەکان
یەکەم شوێنەکانی بینینی گەلاوێژ ناوچە شاخاویی و کوێستانەکانن، بە تەجروبەی هەورامییەکان لە هەواری گەناو، نزیک هەورامانی تەخت، یەکەمجار دەبینرێت..
هەورامییەکانیش لەم بوارەدا بەیت و بالۆرەیان هەیە و دەڵێن:
"ماچا گەلاوێژ زیان گەناوە
واچدێ بە یارا کوچێ پێچاوە"
گەشەکردنەوەی درەختەکان
لە دوای کەوتنی گەلاوێژ، هەندێک درەخت جارێکی دیکە گەشە دەکەن و خەڵک پێیان دەڵێن «وەچی گەلاوێژی». هەروەها ئیدیۆمێکیش هەیە کە دەڵێت: "فڵانە کەس گەلاوێژییە"، واتە گەشە و ناسراوبوونێکی کاتی هەیە.
لە کشتوکاڵ و باخداریشدا، گەلاوێژ نیشانەی پێگەیشتنی میوەکانە. هەر بۆیە لە کۆنەوە گوتراوە:
"دوای گەلاوێژ، ترێ بە تامتر دەخورێت"
لە مێژووی کۆندا، لە سەردەمی سۆمەرییەکان تاوەکو ساسانییەکان، گەلاوێژ کە ناوێکی مێینەیە بە هێمای جوانی، بەرەکەت و پیتی پیرۆز ناسراو بووە.
مامۆستا عەلادین سەجادی لە ڕشتەی مرواریددا دەنووسێت ئەسپ و ماین یەکەمین گیاندارانن کە هەست بە کەوتنی گەلاوێژ دەکەن، دەگوترێت ئاژەڵدارەکان لە ڕەفتاری ئاژەڵەکانەوە دەزانن کە گەلاوێژ لە بورج کەنراوە.
هەروەها مامۆستا مەزهەر خالقی، بەستەیەکی عوسمان ئەحمەدی بەناوی گەلاوێژ کردووە بە گۆرانی کە دەڵێت:
"ئەستێرەی گەلاوێژی ئاسمانی ژیانم بوو،
مانگەشەوی هاوینی سەر کۆساری گیانم بوو"
ناوی گەلاوێژ لە فۆلکلۆر و ئەدەبدا
ناوی گەلاوێژ تەنیا لە فۆلکلۆردا نەماوەتەوە؛ لە نێوان ساڵانی 1939 تاوەکو 1949، مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و مامۆستا عەلادین سەجادی گۆڤاری گەلاوێژیان بڵاوکردەوە، کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئەدەب و ڕۆژنامەوانی کورد هەبوو.
ئەگەرچی لە فۆلکلۆرەوە دەگوترێت کە کەوتنی گەلاوێژ مژدەی فێنکی و شکاندنی گەرما دەهێنێت، بەڵام وەک پیاوێکی "نۆدشە"یی تەڵاقی خستبوو "ئەوەندە گەرمە، گەلاوێژ خۆشی بە ئاسمانەوە سووتاوە".
2 کاتژمێر پێش ئێستا