دانەغاز و هیلال وەڵامى حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێمى کوردستانیان دایەوە
پوختەى هەواڵ
- کۆمپانیاکانی دانەغاز و نەوتی هیلال ڕەتیدەکەنەوە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان غازیان فرۆشتبێت.
- کۆمپانیاکانی دانەغاز و نەوتی هیلال: بەگوێرەی گرێبەستی نێوانیان، فرۆشتنی غاز پێویستی بە ڕەزامەندیی نوێی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان نییە.
- دانەغاز و هیلال: دابینکردنى غاز بۆ وێستگەى کارەباى کەرکووک بەگوێرەى بەندەکانى گرێبەستەکەمان بووە.
کۆمپانیاکانی دانا غاز و نەوتی هیلال، وەک کارپێکەرانی هاوبەش لە جێگەى (کۆنسۆرتسیۆمی پێرل پترۆلیۆم)، ناو دەبرێن، سەرسوڕمانی خۆیان بەرامبەر ئەو ڕاگەیێنراوە دەربڕی کە ڕۆژى پێنجشەممە، 6ـى ئاب، لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرى هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە.
هەردوو کۆمپانیاکە باس لە فەرمى بوونى گرێبەستەکەیان دەکەن
- دابینکردنی غاز بۆ وەزارەتی کارەبای فیدڕاڵ لە کەرکووک دەستکەوتێکی بەرچاوە کە ئاسایشی دابینکردنی کارەبا لە سەرتاسەری وڵاتدا بەهێزتر دەکات.
- کۆمپانیاکە تەواوی ڕەفتارەکانی بەگوێرەی مافە گرێبەستییەکانی خۆی ئەنجام داوە و بەردەوامە لە ڕێزگرتن لە هەموو بەڵێنەکانی.
- حکومەتی کاربەڕێکەرى هەرێمی کوردستان لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە ئاگاداری ڕێککەوتنی فروشتنی غاز بووە کە لەگەڵ وەزارەتی کارەبای عێراقدا واژۆ کراوە.
- کۆپییەک لە ڕێککەوتنەکە دراوە بە حکومەتی کاربەڕێکەرى هەرێمی کوردستان.
- ئەمەش دوای ساڵانێک لە دانوستاندن و هەوڵەکانی کۆمپانیاکە دێت، کە بە بەردەوامی حکومەتی هەرێمی لێ ئاگادار کراوەتەوە.
- وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمى کوردستان لە ئامادەکارییەکان بۆ دابینکردنی غاز ئاگادار بووە.
- ئەم ڕێککەوتنە بە تەواوی و بەگوێرەی مافە تایبەتەکانی پێرل پترۆلیۆم بۆ بازاڕکردن ئەنجام دراوە.
- پێشتریش لە ڕێگەی چەندین ڕێکاری یاسایی نێودەوڵەتییەوە پشڕاست کراونەتەوە.
- ڕێککەوتنەکە پێویستی بە هیچ مۆڵەت یان ڕەزامەندییەکی زیادەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبووە.
- پێرل پترۆلیۆم هەر بانگەشەیەک لەبارەى پێشێل کردنی بەڵێنە گرێبەستییەکانی ڕەت دەکاتەوە کە هەردەم ڕێزی لێ گرتوون و پێیانەوە پابەند بووە.
- کۆمپانیاکە بەردەوامە لە جێبەجێکردنی تەواوی بەڵێنە گرێبەستییەکانی بۆ دابینکردنی غاز بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێم بە شێوەیەکی جەوهەری پابەندبوونی خۆی لە دانانی شایستە داراییەکان جێبەجێ نەکردووە، بەجۆرێک زیاتر لەسێ ساڵە لە پێدانی شایستە داراییەکان دواکەوتووە.
شێوازى دابینکردنى غاز بۆ وێستگەى کارەباى کەرکووک
لەبارەی وردەکارییەکانی ڕێککەتنەکەیان لەگەڵ بەغداد کۆمپانیاکان دەڵێن، ڕۆژانە بڕی100 ملیۆن پێ سێجا پێوانەیی لە غاز بۆ وەزارەتی کارەبای فیدراڵ لە کەرکووک دابین دەکرێت، ئەوەش لە توانای زیادەی دانەغاز لە بەرهەمهێنانی وزە لە کێڵگەی کۆرمۆر دێت، کە پڕۆژەی "کۆرمۆر250 "، ڕەخساندوویەتی، ئەوەش سەرباری بڕی655 ملیۆن پێ سێجا پێوانەیی ڕۆژانەیە، کە دابین دەکرێت بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەکارهێنانی لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەو بڕەش پێداویستییە ڕاستەقینەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات و ڕێگە بە فرۆشتنی کارەبا بدات بۆ وەزارەتی فیدڕاڵی لە ماوەی نزیکەی دە ساڵی ڕابردوودا.
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ حکومەتی کاربەڕێکەر ڕاگەیێنراوێکی لەبارەی پێدانی گاز لەلایەن دانە غازەوە بە عێراق بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تەنیا لە کاتی ڕاگەیێنراوی فەرمیدا ئاگادار کراوینەتەوە لە هەناردەکردنی گازی کۆرمۆر، ئێمە نە ڕەزامەندیمان دەربڕیوە و نە ڕێگەمان بەم هەنگاوە داوە، دابینکردنی گازیش بەبێ ڕەزامەندیی ئێمە پێچەوانەی گرێبەستی نێوانمانە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا