تەواو کۆتاییهات... تۆرێس ماڵئاوایی لە بەرشلۆنە دەکات

مەستان حوسامەدین 2 کاتژمێر پێش ئێستا

دۆسیەی پەیوەندیکردنی فێران تۆرێس، یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و بەرشلۆنە بە پاریس سانجێرمانەوە دەگاتە قۆناغی کۆتایی، سەرچاوە نزیکەکانی بەرشلۆنە ئاماژە بەوە دەدەن پاریس سانجێرمانی فەڕەنسی و بەرشلۆنەی ئیسپانی ڕێککەوتنی سەرەتاییان کردووە.

پوختەی هەواڵ...

  • لە وەرزی ڕابردووەوە داهاتووی فێران تۆرێس لەگەڵ بەرشلۆنە نادیارە
  • تۆرێس خۆی گرێبەستی لەگەڵ بەرشلۆنە تاوەکو هاوینی 2027ـە
  • پاریس سانجێرمان بە بڕی 50 بۆ 55 ملیۆن یۆرۆ ئۆفەری پێشکەشکردووە
  • تۆرێس یەکێک دەبێت لە یاریزانە سەرەکییەکانی لویس ئێنریکی ڕاهێنەری پاریس

"بەرشلۆنە دەبێت منی خۆشبوێت"

هەفتەی پێشوو بوو، کاتێک فێران تۆرێس لە دیمانەیەکدا گوتی کە دەبێت بەرشلۆنە منی خۆشبوێت و یانەکە بە تواناکانم بزانێت، وا دیارە ئەمە پەیامێکی ڕوون بوو بۆ یانە ئیسپانییەکە، کە ئەگەر ئەم یاریزانەیان بەلاوە گرنگ نییە ئەوا زوو یەکلایی بکەنەوە.

لە کۆتاییشدا میدیاکانی ئیسپانیا و تەنانەت ڕۆژنامەوانی بەناوبانگی گواستنەوەی یاریزانان، فابریزیۆ ڕۆمانۆش ئاماژەی بەوەدا هەموو شتێک یکەلایی بووەتەوە، تۆرێس بەرشلۆنەی ئاگادار کردووەتەوە کە ئارەزووی پاریس دەکات، یانە فەڕەنسییەکەش گرێبەستەکەی پێشکەش کردوون.

بەگوێرەی سەرچاوە نزیکەکان، چاوەڕوان دەکرێت بڕی تێچووی فەرمی ئەو گربەستە لە نێوان 50 بۆ 55ملیۆن یۆرۆدا بێت،  لە ئێستاشدا کارگێڕیی هەردوو یانە لێکۆڵینەوە لە ئەگەری سەرخستنی ئەم گواستنەوەیە دەکەن لە بازاڕی هاوینەی ئێستادا.

فێران تۆرێس، یەکێک بوو لەو یاریزانانەی ئاستێکی بەرزی لە مۆندیالی 2026 پێشکەشکرد و لە یاریی کۆتاییش تەنیا گۆڵی هەڵبژاردەی ئیسپانیای بەرامبەر ئەرجەنتین تۆمارکرد و بوونە پاڵەوانی جیهان.

مەستان حوسامەدین

2 کاتژمێر پێش ئێستا