ترابزۆنسپۆر یاریزانانی لیڤەرپوول کۆ دەکاتەوە
پوختەی هەواڵ:
- یانەی ترابزۆنسپۆری تورکی هەنگاوە فەرمییەکانی بۆ گواستنەوەی داروین نۆنیزی هێرشبەری یانەی هیلالی سعودیە دەست پێ کرد.
- ئیبراهیم شاهینکایا، جێگری سەرۆکی ترابزۆن بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە گرێبەستەکە بەم نزیکانە گەشت بۆ سعودیە دەکات.
- ئەم جووڵەیەی ترابزۆن دوای هێنانی محەممەد سەڵاح دێت تاوەکو هێڵی هێرشبەری پێشووی لیڤەرپوول دووبارە کۆ بکاتەوە.
- نۆنیزی تەمەن 27 ساڵ، لە هاوینی 2025 بە گوژمەی 53 ملیۆن یۆرۆ لە لیڤەرپوولەوە پەیوەندیی بە یانەی هیلالەوە کرد.
دوای واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ محەممەد سەڵاح، یانەی ترابزۆنسپۆری تورکی دانوستانەکانی بۆ گواستنەوەی داروین نۆنیز، هێرشبەری یانەی هیلالی سعودیە دەست پێ کرد، تاوەکو هاوشێوەی سەردەمی لیڤەرپوول هەردوو یاریزانەکە کۆ بکاتەوە و هێڵی هێرشبەری یانەکەی تورکیاش بە ئەزموونی ئەو دووانەیە ببووژێتەوە.
حەسەن تونجێل، ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی تورکیا ئاشکرای کردووە کە ئیبراهیم شاهینکایا، جێگری سەرۆکی ترابزۆنسپۆر کە ڕۆڵی سەرەکی لە هێنانی محەممەد سەڵاحدا هەبوو، هەر خۆی سەرپەرشتیی دانوستانەکان بۆ گواستنەوەی نۆنیز دەکات.
لەگەڵ یانەی هیلال کۆدەبنەوە
بڕیارە شاهینکایا لە کاتژمێرەکانی ئایندهدا ڕوو لە سعودیە بکات تاوەکو لەگەڵ بەرپرسانی هیلال کۆ ببێتەوە و دوایین وردەکارییەکانی گواستنەوەی ئەم یاریزانە ئۆرۆگواییە یەکلا بکاتەوە.
نۆنیزی تەمەن 27 ساڵ، پێشتر لە یانەکانی پێنارۆڵ، ئەلمێریا و بەنفیکا یاریی کردووە، پێش ئەوەی لە ساڵی 2022 بچێتە لیڤەرپوول و پاشان لە هاوینی 2025 بە بڕی 53 ملیۆن یۆرۆ ڕوو بکاتە یانەی هیلال.
3 کاتژمێر پێش ئێستا