شێڵتۆن و مینشیک پەڕینەوە بۆ چارەکی کۆتایی مونتریال
پوختەی هەواڵ:
- بن شێڵتۆنی ئەمریکی بە سەرکەوتنی بەرامبەر جوان فۆنسیکای بەڕازیلی، بلیتێکی قۆناغی چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتیی مونتریالی بڕی.
- پێکان لە پاژنەی پێ و ئەنجامدانی 32 هەڵەی ڕاستەوخۆ، خەونی بەهرەمەندە 19 ساڵانەکەی بەڕازیلی لەبار برد.
- شێڵتۆن لە قۆناغی داهاتوودا بەربەستی جاکۆب مینشیکی چیکی دەبێت، کە ئەویش لە بوتیک ڤان دی زاندشولبی بردەوە.
- دانیێل مێریدای ئیسپانی لە تالۆن خڕیکسپۆری بردەوە، هەرچەندە خریکسپۆری هۆڵەندی لە قۆناغی پێشتردا ئەلەکساندەر زڤێرێڤی کردبووە دەرەوە.
لە چێوەی ڕکابەرییەکانی پاڵەوانێتیی تێنسی سەر زەویی ماستەرزی مونتریال کە هاوکات کێبڕکێکردنە لەسەر هەزار خاڵ، بن شێڵتۆنی ئەمریکی و هەڵگری ناسناوی وەرزی ڕابردوو کە پلەی دەیەمی ڕیزبەندیی جیهانی گرتووە، گەیشتنی خۆی بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی مسۆگەر کرد، دوای ئەوەی بە ئەنجامی دوو کۆمەڵە (6-3) و (7-6) بەسەر جوان فۆنسیکای بەڕازیلیدا سەرکەوت.
شێڵتۆنی تەمەن 23 ساڵ، لە یارییەکی بەهێزدا توانای بەرگەگرتنی بەکار هێنا بۆ تێپەڕاندنی کەشوهەوای نەگونجاوی مۆنترال بەو پێیەی بای بەهێز هەمیشە کاریگەری لەسەر ڕەوتی یارییەکان دروست دەکات، لە بەرامبەردا، فۆنسیکای تەمەن 19 ساڵ کە بە یەکێک لە دیارترین بەهرە هەڵکەوتووەکانی تێنسی سەر زەوی هەژمار دەکرێت، لە کۆمەڵەی دووەمدا و لە کاتی پێشەنگیدا تووشی هەڵگەڕانەوەی پاژنەی پێ هات، ئەمەش لەگەڵ ئەنجامدانی 32 هەڵەی ڕاستەوخۆ، دەرفەتەکانی خۆی بەتەواوی لەدەست دا.
شێڵتۆن ڕووبەڕووی مینشیک دەبێتەوە
شێڵتۆن لە قۆناغی داهاتوودا ڕووبەڕووی جاکوب مینشیکی چیکی (ڕیزبەندی 17ی جیهان) دەبێتەوە، کە توانی بە ئەنجامی (6-4) و (7-5) لە بوتیک فان دی زاندشولبی هۆڵەندی بباتەوە.
لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دیکەدا، لێرنەر تینی ئەمریکی لە تیاگۆ ئاگۆستین تیرانتی ئەرجەنتینی بردەوە و گەیشتە قۆناغی دواتر، کە تێیدا ڕووبەڕووی دانیێل مێریدای ئیسپانی دەبێتەوە، مێریدا تەنیا لە کاتژمێرێک و نۆ خولەکدا و بە ئەنجامی (6-3) و (6-1) کۆتایی بە سەرکێشییەکانی تالۆن خڕیکسپۆری هۆڵەندی هێنا. خڕیکسبۆر کە لە قۆناغی پێشوودا بە دوورخستنەوەی ئەلەکساندەر زڤێرێڤی پێشەنگی ڕیزبەندیی جیهان سوپڕایزی بۆ هەموو ئامادەبووانی پاڵەوانێتییەکە کرد، بەڵام نەیتوانی درێژە بە سەرکەوتنەکانی بدات و بەرامبەر مێریدا خۆی ڕانەگرت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا