نایرۆبی هەوڵی میوانداریکردنی پاڵەوانێتیی جیهانیی گۆڕەپان و مەیدانی 2029 دەدات
پوختەی هەواڵ:
- نایرۆبی بە فەرمی دۆسیەی خۆی بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانێتیی جیهانیی گۆڕەپان و مەیدان بۆ ساڵی 2029 پێشکەش کرد.
- پایتەختی کینیا بۆ بەدەستهێنانی مافی میوانداریکردنەکە ڕکابەری لەگەڵ شارەکانی لەندەن، ڕۆما و میونشن دەکات.
- حکومەتی کینیا پابەندبوونی تەواوی دارایی، ئاسایش و ڕێکخستنی بۆ سەرکەوتنی ئەم دۆسیەیە ڕاگەیاندووە.
- یەکلاکردنەوەی شاری میواندار لەلایەن یەکێتیی جیهانیی گۆڕەپان و مەیدانەوە دەکەوێتە مانگی ئەیلوولی داهاتوو.
شاری نایرۆبیی پایتەختی کینیا، بە فەرمی داواکاریی خۆی بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانێتیی جیهانیی گۆڕەپان و مەیدانی بۆ ساڵی 2029 پێشکەش کرد.
ئەگەر هەوڵەکەی شاری نایرۆبی سەرکەوتوو بێت، شارەکەی کینیا دەبێتە یەکەم شاری کیشوەری ئەفریقا کە میوانداریی ئەم ڕووداوە وەرزشییە گەورەیەی جیهان بکات.
لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی مافی میوانداریکردنەکەدا، نایرۆبی ڕووبەڕووی ڕکابەرییەکی سەخت دەبێتەوە لەگەڵ شارە گەورەکانی ئەورووپا، لەوانە لەندەن، ڕۆما و میونشن، بۆ بەهێزکردنی دۆسیەکەش، حکومەتی کینیا بەڵێنی تەواوی داوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژێرخانی وەرزشی، ئاسایش و ڕێکخستنی شایستە.
کینیا ئەزموونی پاڵەوانێتییەکانی هەیە
وڵاتی کینیا ئەزموونێکی زۆری لە ڕێکخستنی پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە، پێشتر میوانداریی پاڵەوانێتیی جیهانیی 'کرۆس کانتری' لە ساڵی 2007 لە مۆمباسا کردووە، هەروەها پاڵەوانێتیی جیهانیی گۆڕەپان و مەیدانی لاوانی تەمەنی خوار18 ساڵان لە ساڵی 2017 و خوار 20 ساڵان لە 2021 لە نایرۆبی بەڕێوەچوون، جگە لە میوانداریکردنی پاڵەوانێتیی ئەفریقا لە ساڵی 2010.
بڕیارە ئاشکراکردنی ناوی ئەو شارەی میوانداریی پاڵەوانێتیی 2029 دەکات، لەلایەن یەکێتیی جیهانیی گۆڕەپان و مەیدانەوە لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا ڕابگەیەنرێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا