کەین خەڵاتی لاپچینی ئاڵتوونی بەدەستهێنا
پوختەی هەواڵ:
- هاری کەین بووە براوەی خەڵاتی لاپچینی ئاڵتوونی
- کەین گۆڵکاری سەرجەم خولە گەورەکانی ئەورووپا بوو
- ئەستێرە ئینگلیزییەکە وەرزی ڕابردوو 36 گۆڵی لە بۆندسلیگا تۆمارکرد
- خەڵاتەکە لە 19ی ئەم مانگە پێشکەشی کەین دەکرێت
یانەی بايرن میونشنی ئەڵمانی بە فەرمی ڕایگەیاند، کە هاری کەین، هێرشبەری ئینگلیزیی یانەکەیان، بۆ دووەم جار لە مێژووی خۆیدا بووە براوەی خەڵاتی لاپچینی ئاڵتوونی وەک باشترین گۆڵکاری خولەکانی ئەورووپا بۆ وەرزی ڕابردوو.
ئەوە دووەم جارە هاری کەین دەبێتە خاوەنی ئەو خەڵاتە گرنگە، دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2024 بەدەستی هێنابوو، بەو دەستکەوتەش، کاپتنەکەی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەچێتە ناو لیستێکی زۆر تایبەت لە ئەستێرەکانی جیهان، کە توانیویانە زیاتر لە جارێک ئەو خەڵاتە ببەنەوە، لەکاتێکدا تەنیا لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ توانویانە لە دوو جار زیاتر خەڵاتەکە ببنەوە.
کەین لە وەرزی ڕابردوو توانی 36 گۆڵ لە بۆندسلیگادا تۆمار بکات، کە ڕێک هەمان ژمارەی گۆڵەکانی دوو ساڵ بەرلە ئێستایەتی، کاتێک بەهۆیەوە بووە باشترین گۆڵکاری ئەورووپا.
ڕاگەیاندنی بايرن میونشن ئاشکرای کرد، کە ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکە لە 19ی ئەم مانگە لە مۆزەخانەی بايرن لە یاریگای ئەلیانز ئارینا بەڕێوەدەچێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا