تۆڕی نێتفڵێکس دۆکیومێنتەرییەکەی مۆرینیۆی بڵاوکردەوە
پوختەی هەواڵ:
- تۆڕی نێتفڵێکس بەرهەمێکی دیکەی تایبەت بە جیهانی وەرزش و کەسایەتییەکی وەرزشی بەرهەمهێنا
- ماوەی دوو ساڵە دەرهێنەرەکە خەریکی بەرهەمهێنانی ئەم دۆکیومێنتەریەیە
- بەرهەمەکە پەردە لەسەر چەندین بابەت و نهێنی مۆرینیۆ لادەدات
- چەندین کەسایەتی گەورەی دیکەی وەرزشی لە دۆکیومێنتەرییەکە بەشدارن
جۆزێ مۆرینیۆ چۆن بووە سپێشەڵ وەن؟
تۆڕی نێتفلێکس بەردەوامە لە دروستکردنی دۆکیومێنتەری و فیلمی وەرزشی، لەسەر کەسایەتییە وەرزشییە گەورەکان، ئەمجارە لەسەر جۆزێ مۆرینیۆیە.
ترەیلەری دۆکیومێنتەری مۆرینیۆ نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا بڵاوبووەوە، کە باسی کاروانی وەرزشی جۆزێ مۆرینیۆ ناسراو بە سپێشەڵ وەن دەکات، نێتفڵێکس بە تەواوی دۆکیومنێتەرەکەی لە 11ـی ئەم مانگە ڕۆژی سێشەممە بڵاودەکاتەوە.
لە دۆکیومێنتەرییەکە، پەردە لەسەر نهێنییەکانی جۆزێ مۆرینیۆ و ساتە نایابەکانی لادەدات، بەتایبەت لە چێڵسییەوە تا ڕیاڵ مەدرید و یانەکانی دیکە، هەروەها دیمەنی مۆرینیۆ لە ژووری جلگۆڕین، گرێبەستەکانی، وە دەرکرانەکانی لە یانەکان لەم دۆکیومێنتەرییە باس دەکرێت.
دەرهێنەر جۆوڵ پیڕڵمان کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، نزیکەی دوو ساڵە خەریکی ئەم دۆکیومێنتەریەیە، ساتەکان لە یانەی پۆرتۆ 2004 تا چێڵسی، ئینتەرمیلان، ڕیاڵ مەدرید و ڕۆما هەمووی باسکراوە.
هاوکات ئەستێرەکانی دیکەی وەکو سێر ئەلێکس فێرگسن، زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ، دیدیە درۆگبا، فرانک لامپارد، جۆن تێری، ئیکەر کاسیاس، ساموێل ئیتۆی تێدا بەشدارە.
پێشبینی دەکرێت ئەمەش یەکێک بێت لە دۆکیومێنەریە سەرکەوتووەکانی نێتفڵێکس، بەتایبەت پێشتر تۆڕەکە چەنەها فیلم و زنجیرە و دۆکومێنتەری وەرزشی بەرهەمهێناوە لە نمونەی زنجیرەیەک تایبەت بە فۆرمولا وەن، زە لاست دانس تایبەت بە مایکڵ جۆردەنی ئێن بی ئەی، بایلا ڤینی تایبەت بە ڤینیسیۆس جونیۆر، ئانتۆنی جۆشوا و کڕووس تایبەت بە تۆنی کڕووسی ئەڵمانی، ستارتینگ فایڤ تایبەت بە ئێن بی ئەی و چەندەها بەرهەمی دیکەی بەناوبانگی هەبووە کە خاوەنی ملیۆنان بینەر بوون لە سەرتاسەری جیهاندا .
2 کاتژمێر پێش ئێستا