بەغداد 400 ملیار دینارى شایستەى گەنمى جووتیاران بۆ 2025 و 2026 قەرزارە
پووختەی هەواڵ
- بەغداد 50%ـى پارەى گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستانى بۆ 2025 خەرجنەکردووە
- بەغداد 258.4 ملیار دینارى پارەى ئەمساڵى جووتیاران قەرزارە
- بەغداد 141 ملیار دینارى ساڵى ڕابردووى جووتیاران قەرزارە
- سلێمانى 55 ملیار دینارى گەنمى 2025ـى لاى بەغدادە
- هەولێر 44.6 ملیار دینارى گەنمى 2025ـى لاى بەغدادە
- دهۆک 42 ملیار دینارى گەنمى ساڵى 2025ـى لاى بەغدادە
مەترسیی دواکەوتنی شایستە داراییەکانی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە؛ تاوەکو ئێستا بەغداد نزیکەی 400 ملیار دیناری وەک قەرزى گەنمى جووتیاران لەلا ماوە، کە شایستەی ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵە.
حکومەتی عێراق هێشتا 50%ـی شایستە داراییەکانی گەنمی ساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستانى نەداوە و بڕی زیاتر لە 141 ملیار دیناری خەرجنەکردووە، کە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بووە بەم شێوەیە؛
سلێمانی: نزیکەی 55 ملیار دیناری شایستەی دارایی لای بەغدادە، بە گوتەی نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بازرگانی و دانەوێڵەی سلێمانی.
هەولێر: جووتیاران 44 ملیار و 465 ملیۆن دیناریان لای بەغداد ماوە، بە گوتەی میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر.
دهۆک: زیاتر لە 42 ملیار دیناری بۆ خەرجنەکراوە، ئەمەشیان بە گوتەی نازم محەممەد، بەڕێوەبەری سایلۆکان و بازرگانی دانەوێڵە لە دهۆک، کە کەناڵ8 قسەى لەگەڵ کردوون.
بڕی گەنمی ڕادەستکراوی هەرێمی کوردستان
- بۆ ئەمساڵ، هەرێمی کوردستان 400 هەزار تۆن گەنمی ڕادەستی سایلۆکان کردووە و کۆی گشتی شایستە داراییەکەی، دەگاتە 258 ملیار و 400 ملیۆن دینار.
- 292 هەزار تۆن لە چوارچێوەی پلاندا، بە نرخی 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک.
- 108 هەزار تۆن لە دەرەوەی پلاندا، بە نرخی 500 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک.
بەگوێرەى پلانی پەسەندکراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیارە سەرەتا 600 ملیار دینار بۆ شایستەی دارایی گەنمی ساڵی ڕابردوو خەرج بکرێت و پاشان یەک تریلیۆن دینار بۆ گەنمی ئەمساڵ تەرخان بکرێت، بەڵام پرسەکە بێدەنگی لێکراوە و تاوەکو ئێستا هیچ بڕەپارەیەک ڕەوانە نەکراوە.
جووتیارانی عێراقیش هەمان کێشەیان هەیە
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، سەرەڕای پەیوەندییە بەردەوامە فەرمی و نافەرمییەکانیان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق، بەڵام تاوەکو ئێستا نە کات و نە بڕی پارەی ڕەوانەکراو بۆ هەرێمى کوردستان دیاری نەکراوە، جووتیارانى عێراقیش هەمان کێشەیان هەیە.
جگە لە بەرهەمی وەرگیراو لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، دوو کۆمپانیای خۆماڵی 150 هەزار تۆن گەنمیان لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان کڕیوەتەوە بە نرخی 400 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک، و بڕیارە دوای دوو مانگ لە ڕادەستکردنی گەنمەکە بە کۆگاکانی دانەوێڵە، شایستە داراییەکانیان پێ بدرێت.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
وەزیری بازرگانی: 4.8 ملیۆن تۆن گەنم وەرگیراوە و بەمنزیکانە پارەی جوتیاران خەرج دەکرێت
500 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە؛ ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی وەرگرتنی گەنمە لە جووتیارانی کەرکووک
3 کاتژمێر پێش ئێستا