شڤیۆنتیک گەیشتە قۆناغی پێشکۆتایی تۆرنتۆ
پوختەی هەواڵ:
- ئیگا شڤیۆنتیک بە ئاسانی پەڕییەوە بۆ قۆناغی پێشکۆتایی پاڵەوانێتیی کەنەدا دوای سەرکەوتنی بەسەر دیانا شنایدەر.
- لە ماوەی 68 خولەکدا شڤیۆنتیک کۆنترۆڵی ڕەهای یارییەکەی کرد و کۆتایی بە کێبڕکێکە هێنا.
- یەکەم سەرکەوتنی خانمە یاریزانە پۆڵەندییەکەیە لەم وەرزەدا لە پاڵەوانێتییەکی 1000 خاڵیی ماستەرز.
- بەرزبوونەوەی ئاست و ورەی شڤیۆنتیک بەهۆی ئەوەوەیە کە لەژێر سەرپەرشتی و ڕاهێنەرایەتیی فرانسیسکۆ ڕۆیگ دەستی بە کار کردووە.
- شڤیۆنتیک لە کەنەدا وەک ئامادەکارییەک بۆ پاڵەوانێتیی کراوەی ئەمریکا بەشداریی کردووە.
لە نمایشێکی بێوێنەدا، ئیگا شڤیۆنتیک بە ئەنجامی 6 - 2 و 6 - 1 سەرکەوتنێکی گەورەی بەرامبر دیانا شنایدەری ڕووسی بەدەستهێنا و پەڕییەوە بۆ قۆناغی پێشکۆتایی پاڵەوانێتیی کراوەی کەنەدا لە تورۆنتۆ.
یاریزانە پۆڵەندییەکە تەنیا 68 خولەکی پێویست بوو بۆ یەکلاکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە، بەمەش بەر لە دەستپێکی پاڵەوانێتیی کراوەی ئەمریکا «فلاشینگ میدۆز» پەیامێکی بەهێزی ئاراستەی ڕکابەرەکانی کرد.
سەپاندنی هەژموون و سوودوەرگرتن لە هەڵەکان
شڤیۆنتیک لە هەردوو کۆمەڵەکەدا باڵادەستیی ڕەهای بەسەر ڕکابەرەکەیدا سەپاند، لە کۆمەڵەی یەکەمدا دوو جار سێرڤی ڕکابەرەکەی شکاند و سوودی لە 12 هەڵەی ئاسانی شنایدەر وەرگرت.
لە کۆمەڵەی دووەمیشدا دەرفەتی بەخشینی هیچ ئیمتیازێکی نەدا و بە لێدانی ورد و بەهێز یارییەکەی لە سوودی خۆی یەکلایی کردەوە.
یەکەم سەرکەوتنی ئەم وەرزەی ماستەرز
ئەمە یەکەم گەیشتنی پاڵەوانی پێشووی جیهانە بۆ قۆناغی پێشکۆتایی لە پاڵەوانێتییەکانی 1000 خاڵیی ئەم وەرزە.
شڤیۆنتیک لەم وەرزەدا دوای زنجیرەیەک ئەنجامی خراپ و ماڵئاواییکردنی زوو لە پاڵەوانێتییەکانی مەیامی و وێمبڵدۆن، کۆتایی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ فیم فیسیتی ڕاهێنەری هێنا و ئێستا لەژێر سەرپەرشتیی فرانسیسکۆ ڕۆیگ ڕاهێنان دەکات و ئەوەش کاریگەرییەکی ئەرێنی و دیاری لەسەر ئاستی دروست کردووە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا