سەڵاح لە لیڤەرپووڵەوە بۆ ژیانێکی شاهانە لە تورکیا

نەورۆز عوسمان 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پوختەی هەواڵ:

  • محەممەد سەڵاح بە گرێبەستێکی مێژوویی بۆ 2 وەرز پەیوەندیی بە یانەی تراپزۆنسپۆری تورکییەوە کرد.
  • ڤێلایەکی شاهانەی لە ناوچەی یالینجاک لەسەر ڕووبەری 975 مەتر دووجا بۆ نیشتەجێبوونی خۆی و خێزانەکەی گرتووە.
  • ڤێلاکە لە 8 ژوور، 6 گەرماو، هۆڵی سینەما، مەلەوانگەی داخراو و هۆڵی وەرزشی پێکهاتووە.
  • یاریزانەکەی میسر دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە بۆ ئەنجامدانی یەکەمین یاریی لە خولی سوپەری تورکیا.

دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی لیڤەرپووڵ، محەممەد سەڵاح لە گواستنەوەیەکی بێبەرامبەردا پەیوەندی بە یانەی ترابزۆنسپۆری تورکییەوە کرد و گرێبەستێکی 2 ساڵەی واژۆ کرد.

ئەم گواستنەوەیە دەنگدانەوەیەکی جیهانی و میدیایی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و هاندەرانی یانەکە بە پێشوازییەکی مێژوویی پێشوازییان لە «فیرعەونەکەی میسر» کرد.

تایبەتمەندییەکانی شوێنی نیشتەجێبوونی سەڵاح

دوای بەسەربردنی چەند ڕۆژێکی کەم لە هۆتێلێکی 5 ئەستێرەی گرانبەهادا، سەڵاحی تەمەن 34 ساڵ ڤێلایەکی خەیاڵی لە ناوچەی گەشتیاریی یالینجاک بۆ خۆی و خێزانەکەی هەڵبژارد.

ئاستی سەرنجڕاکێشیی ئەم کۆشکە لەوەدایە کە لەسەر ڕووبەری 975 مەتر دووجا بنیادنراوە، نهۆمی زەمینیی ڤێلاکە ڕووبەری 230 مەتر دووجایە و هۆڵێکی میوانداریی بەرفراوان، چێشتخانەیەکی هاوچەرخ و بالکۆنێکی گەورەی 45 مەتری لەخۆدەگرێت.

لە بەشەکانی دیکەی باخ و دەوروبەری ڤێلاکەدا، مەلەوانگەیەکی داخراو، هۆڵی وەرزش، ساونا، ژووری خوێندن، هۆڵی یاریی منداڵان، باخچەیەکی تایبەت بە چاندنی ڕووەک و شوێنی ئاگرکردنەوە و برژاندن بوونیان هەیە.

دابەشبوونی ژوورەکان و تەکنەلۆجیای زیرەک

کۆشکەکە لە 8 ژووری نووستن و 6 گەرماو پێکهاتووە، نهۆمی یەکەم بە تەنیا 3 ژووری نووستن، 3 گەرماو و مەودایەکی تایبەت و سەرەکیی جلوبەرگ لەخۆدەگرێت.

لە نهۆمی سەرەوەشدا، هۆڵێکی تایبەتی سینەما لەسەر ڕووبەری 35 مەتر دروستکراوە بۆ بەسەربردنی کاتەکانی پشووی خۆی و خێزانەکەی و هاوڕێکانی.

لە ڕووی ئاسایش و خۆشگوزەرانییەوە، ڤێلاکە بە تەواوی پشت بە سیستەمی کۆنترۆڵی زیرەک دەبەستێت، لەوانە: کامێرای چاودێریی پێشکەوتوو، سیستەمی دەنگیی ناوخۆیی، سیستەمی گەرمکەرەوەی زەوی و گازی سروشتی.

ئامادەکاری بۆ یەکەم یاری

لە ئێستادا سەڵاح بەشداریی لە ڕاهێنانە بەکۆمەڵەکانی ترابزۆنسپۆردا کردووە، بەڵام هێشتا ڕوون نییە ئایا لە یەکەم یاریی خولەکەدا بەرامبەر قاسم پاشا بەشداری دەکات یان نا.

نەورۆز عوسمان

1 کاتژمێر پێش ئێستا