ئەلڤارێز هەڕەشەی یاخیبوون دەکات و ئەتلەتیکۆ بە خەیاڵیدا نایەت

مەستان حوسامەدین 3 کاتژمێر پێش ئێستا

پوختەی هەواڵ:

  • جولیان ئەلڤارێز گەڕاوەتەوە مەشق و ڕاهێنانەکانی
  • ئەلڤارێز داوای گفتوگۆی کردووە بەڵام ئەتلەتیکۆ ڕەتی کردووەتەوە
  • ئەتلەتیکۆ ئەلڤارێزی ئاگادار کردووەتەوە کە نابێت پەیوەندیی بە بەرشلۆنەوە بکات
  • ئەلڤارێزی هەڕەشەی یاخیبوون دەکات

هەڕەشەی یاخیبوون دەکات

ململانێی بەرشلۆنە و ئەتلەتیکۆ بەردەوامە، بەڵام ئەمجارە لەسەر بردنەوە و دۆڕان و بەدەستهێنانی خاڵ نییە، بەڵکو لەسەر یاریزانێکە کە لەو نێوەندەدا ماوەتەوە، ئەویش جولیان ئەلڤارێزی هێرشبەریی ئەرجەنتینییە.

ماوەیەکی زۆرە بەرشلۆنە هەوڵی گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز دەدات، بەڵام ئەتلەتیکۆ مەدرید بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە بێتە سەر مێزی گفتوگۆ و ئەو هێرشبەرە بە یانە کەتەلۆنییەکە بفرۆشێت.

سەرەتا میدیاکان ئاماژەیان بەوەدا کێشەی ئەتلەتیکۆ تەنیا نرخی ئەلڤارێزە کە داوای 150 ملیۆن یۆرۆ دەکات و بەرشلۆنەش ئەو بڕە پارەیەی نییە، بەڵام بە درێژایی کات دەرکەوت کە کێشەکە نرخ نیە، بەڵکو ئەتلەتیکۆ نایەوێت دەتسبەرداریی هێرشبەرە بەتواناکەی بێت بۆ ڕکابەرە مێژووییەکەی.

دوای تەواوبوونی مۆندیال، پێشبینی دەکرا ئەم دۆسیەیە یەکلایی ببێتەوە، بەتایبەت جولیان ئەلڤارێز لە پشووەکانی بچێتەوە ئەتلەتیکۆ و لەوێ پێیان بڵێت ئیدی یاریی بۆ ئێوە ناکەم و دەچمە بەرشلۆنە، بەلام کەیسەکە ئاڵۆزتر بوو.

ئیستا ئەلڤارێز گەڕاوەتەوە بۆ مەشق و ڕاهێنانەکان، داوای کردبوو کە کۆبونەوە لەگەڵ دیێگۆ سیمیۆنی ڕاهێنەر و بریکاری کارەکانی و بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە بکات، بەڵام ڕەتیان کردەوە لەوبارەیەوە قسەی لەگەڵ بکەن.

ئەلڤارێز بەنیازە یانەکەی قایل بکات کە جگە لە بەرشلۆنە هیچ یانەیەکی دیکەی ناوێت، بەڵام ئەتلەتیکۆ بە ڕوونی دوو بژاردەیان خستووەتە بەردەمی، یان دادەنیشێت تا کۆتایی گرێبەستەکەی، یانیش بۆی هەیە پەیوەندیی بکات بە هەر یانەیەکی دیکەوە جگە لە بەرشلۆنە نەبێت.

ئەم ڕقەبەرایەتیەی ئەتلەتیکۆ، ئەلڤارێزی تەواو بێزارکردووە، یاریزانەکە هەڕەشەی یاخیبوونی کردووە، پێشبینیش دەکرێت لە هەفتەی داهاتوو وەڵامێکی کۆتایی و یەکلاکەرەوە بۆ هەر سێ جەمسەرەکە هەبێت.

مەستان حوسامەدین

3 کاتژمێر پێش ئێستا