پەرلەمانی لوبنان سزای لەسێدارەدانی هەڵوەشاندەوە
پووختەی هەواڵەکە:
- لوبنان یەکەم وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە سزای لەسێدارەدان هەڵوەشێنێتەوە
- ماوەی دوو ڕۆژ پەرلەمانی لوبنان تاوتوێی هەڵوەشاندنەوەی یاساکەی کرد
لە هەنگاوێکی مێژووییدا، پەرلەمانی لوبنان بە زۆرینەی دەنگ یاسای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەسەندکرد، بەمەش لوبنان دەبێتە یەکەم وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەسێدارەدان لە یاسای سزاکانیدا نەهێڵێت.
پەرلەمانی لوبنان دوو ڕۆژ لە کۆبوونەوەدا بووە
- زیاتر لە 20 ساڵە سزای لە سێدارەدان لە لوبنان ڕاگیرابوو
- پەسەندکردنی یاسای لێبوردنی گشتی لە لوبنان
- وەزیری دادی لوبنان بڕیارەکەی بە مێژووی ناوبرد
زیاتر لە 20 ساڵە سزای لەسێدارەدان لە لوبنان ڕاگیرابوو، ئەمڕۆش بە بڕیارێکی فەرمی کۆتایی بەم سزایە هێنرا، دانیشتنی پەرلەمانی لوبنان بۆ بڕیاردان لەسەر یاساکە دوو ڕۆژی خایاند، جگە لە پەسەندکردنی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، پەرلەمانتاران یاسای لێبوردنی گشتیشیان پەسەندکرد، کە ساڵانێکە مشتومڕی زۆری لەسەرە.
عادل نەسار، وەزیری دادی لوبنان بڕیارەکەی بە "مێژوویی" ناوبرد، ڕوونیشیکردەوە، دوای پەسەندکردنی یاساکە، پێویستە هەموو ئەو وڵاتانەی تاوانباران و هەڵاتووانی لوبنانیان لایە، ڕادەستیان بکەنەوە، چونکە بە گوتەی ئەو، پێشتر سزای لەسێدارەدان بەربەست بووە لە بەردەم ڕادەستکردنەوەیان.
لە ساڵی 2004 دواین سزای لە سێدارەدان لە لوبنان جێبەجێکراوە
دواین جار ساڵی 2004 فەرمانی لەسێدارەدان لە لوبنان جێبەجێ کراوە، لە ساڵی 2024 پەرلەمانی لوبنان دەنگیدا بە بڕیارنامەی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، کە تێیدا داوا لە وڵاتان کراوە، سزای لەسێدارەدان ڕابگرن و دواتر هەنگاو بۆ هەڵوەشاندنەوەی بنێن.
ستایشی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ
دوابەدوای دەنگدانەکەی پەرلەمان، ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕاگەیاند، "هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لەلایەن لوبنانەوە هەنگاوێکی مێژوویی و سەرەکییە بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتە و دابڕانە لە سزایەکی دڕندانە، کە هەرگیز نابێت بسەپێنرێت".
2 کاتژمێر پێش ئێستا