وەزارەتی نەوت: بەرهەمهێنانى گاز لە کێڵگەی عەجیل دەگەیێنرێتە 300 ملیۆن پێ سێجا
پووختەی هەواڵەکە
- پلانێکی ستراتیجی بۆ بەرزکردنەوی قەبارەی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە کێڵگەکە
- بەرنامەیەکی گشتگیر بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە کیڵگە گازییەکاندا
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، پلانێکی ستراتیجی هەیە بۆ بەرزکردنەوەی قەبارەی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە کێڵگەی عەجیل، بە شێوەیەک بگەیەنرێتە 300 ملیۆن پێ سێجای ڕۆژانە.
کۆبوونەوەیەکی فراوان
ئەم بڕیارە لە میانی کۆبوونەوەیەکی بەرفراواندا هات کە بە سەرپەرشتی نەسیر عەزیز، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دەرهێنان و بە ئامادەبوونی عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری گازی سووشتی بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گاز و نەوتی باکوور و چەندین بەرپرسی باڵای فەرمانگەکانی پلاندانان و توێژینەوەی وەزارەتەکە ئامادەبوون، بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی کێڵگەکە.
گرنگی پەرەپێدانی کێڵگەی عەجیل
- پاراستنی سامانی هایدرۆکاربۆنی
- ڕێگریکردن لە بەهەداردان و سووتاندنی گازی هاوەڵ
- سەرچاوەیەک بۆ بەگەڕخستنی وێستگەکانی کارەبا
وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە بەرنامەیەکی گشتگیر بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و فراوانکردنی وەبەرهێنان لە کێڵگە گازییەکاندا.
نەسیر عەزیز جەختی لەوەکردەوە کە پەرەپێدانی کێڵگەی عەجیل گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ پاراستنی سامانی هایدرۆکاربۆنی و ڕێگریکردن لە بەهەدەردان و سووتاندنی گازی هاوەڵ.
سەرچاوەیەک بۆ بەگەرخستنی وێستگەکانی کارەبا
لایخۆیەوە، عیزەت سابیر، بریکارى وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ کاروبارى گازى سروشتى، جەختیکردەوە، وەبەرهێنانى لە بڕی غازى بەرهەمهێنراو لە کێڵگەى عەجیل و زیادکردنى بۆ سیستمى بەرهەمهێنانى نیشتمانى، سەرچاوەیەکى گرنگە بۆ بەگەڕخستنى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا.
ئەوەشى خستووەتەڕوو، پلانى پەرەپێدانى کێڵگەى عەجیل بۆ 300 ملیۆن پێ سێجاى ڕۆژانە، هەوڵێکى گرنگ دەبێت بۆ کۆى سیستمى بەرهەمهێنانى گازى سروشتى.
بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە چەندین کێڵگەی دیکە
هاوکات لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە کە پلانەکانی پەرەپێدان تەنیا کێڵگەی عەجیل ناگرێتەوە، بەڵکو وەزارەتەکە کار دەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی دیکەی پارێزگاکانی کەرکووک، سەڵاحەدین، نەینەوا، دیالا و ئەنبار.
ئامانجی کۆتایی ئەم پرۆژانە بەکارهێنانی گازی هاوەڵە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، خزمەتکردنی هاوڵاتییان و پاڵپشتیکردنی ڕاستەوخۆی ئابووریی عێراقە.
شوێنی جوگرافی کێڵگەی عەجیل
کێڵگەی عەجیل دەکەوێتە پارێزگای سەڵاحەدین لە ساڵی 1977 دۆزراوەتەوە و لە ساڵی 1994ـەوە تێیدا دەست بە بەرهەمهێنانی بازرگانی نەوت و گاز کراوە لە ژێر سەرپەرشتی کۆمپانیای نەوتی باکووردایە، لە کاتى شەڕى داعشدا زیانى زۆرى بەرکەوت.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
3 کاتژمێر پێش ئێستا