کۆرێنتیانز بەهۆکاری دارایی دەستبەرداری دیپای دەبێت
یانەی کۆرێنتیانزی بەڕازیلی بە فەرمی ڕایگەیاند، کە بڕیاریانداوە گرێبەستی مێمفیس دیپای، هێرشبەری هۆڵەندی یانەکەیان نوێ نەکەنەوە، یانەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو بڕیارە تەنیا لەبەر ڕەچاوکردنی بارودۆخی دارایی یانەکەیە، چونکە پێویستی بە بەڕێوەبردنی ورد و بەرپرسیارانەی سەرچاوە بەردەستەکان هەیە.
یانە بەڕازیلییەکە لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوە: "زۆر سوپاسی مێمفیس دیپای و تەواوی تیمەکەی دەکەین، کە لە سەرەتای دانوستانەکانەوە هەوڵیاندا بگەنە باشترین ڕێککەوتنی گونجاو."
دەستکەوتە مێژووییەکانی دیپای لەگەڵ کۆرنسیانز
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، کۆرێنتیانز پێزانینی خۆی بۆ یاریزانە هۆڵەندییەکە دەردەبڕێت و سوپاسگوزارییەکی قووڵ ئاراستەی دەکات بۆ ئەو دڵسۆزی و دەستکەوتانەی لە ماوەی کاروانەکەیدا لەگەڵیاندا بەدەستی هێناوە.
لە ماوەی یاریکردنی بۆ یانەکە، مێمفیس دیپای لە 79 یارییدا بەشداری کردووە و توانیویەتی 20 گۆڵ تۆمار بکات. لە هەمان کاتدا ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە بەدەستهێنانی سێ نازناوی گرنگ، کە بریتین لە جامی پاولێیستا و جامی بەڕازیل لە ساڵی 2025، لەگەڵ جامی سوپەری شاهانە لە ساڵی 2026، یانەکە جەختی لەوەش کردەوە کە ئەو دەستکەوتانە دەبنە بەشێکی جیانەکراوە و گرنگ لە مێژووی یانەکەدا.
هۆکاری درێژەکێشانی دانوستانەکان
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا یانەکە ڕوونکردنەوەی داوە لەسەر دواکەوتنی یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی یاریزانەکە و ئاماژەی بەوە کردووە: "لەوە تێدەگەین کە ڕێکارەکان وادەی ئاسایی خۆیان تێپەڕاند و زیاتریان خایاند، بەڵام بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێمە مامەڵەمان لەگەڵ یاریزانێکی ئاستبەرز و تایبەتدا دەکرد."
3 کاتژمێر پێش ئێستا