گرێبەستە خەیاڵی و گوماناوییەکانی خولی ئەستێرەکان

هەرێز جەمال 1 کاتژمێر پێش ئێستا

ئاراس رواندزی

ماوەی دوو ساڵێکە نرخی یاریزانەکان لە خولی ئەستێرەکانی عیراق بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر زیادی کردووەو ساڵ بە ساڵیش زیاتر هەڵدەکشێ، ئێستا هەندێک لە گرێبەستەکان بەربەستی ملیاریان تێپەڕاندووەو پێشبینی دەکرێ هەر ئەمساڵ بۆندی سەروو دوو ملیاریش ببینین!

دیارە من نامەوێ شەن و کەوی ئەو گرێبەستانە بکەم و هەڵیان بسەنگێنم، مەبەستیشم نیە لە ئاستی هیچ یاریزانێک کەم بکەمەوە، بەڵکو گەرەکمە باسی دیاردەیەکی ترسناک بکەم کە هۆکارە بۆ ئەوەی نرخی یاریزانەکان بەشێوەیەکی ناسروشتی بەرز ببێتەوە.

بەپێی بەدواداچوون و ئەو زانیاریانەی دەستم کەوتووە، بە چەند شێوازێک گەندەڵی لە بۆندی یاریزانەکان دەکرێت و لە ئێستادا دیارترینیان رێککەوتنی نێوان راهێنەرو یاریزانەکانە!

روونە لە عیراق هەر راهێنەرەو خاوەنی کۆمەڵێک یاریزانی تایبەت بە خۆیەتی و وەک گرووپ دێن و دەڕۆن، راهێنەرەکە بۆ هەر یانەیەک بڕوات، بە قودرەتی قادری ئەو کۆمەڵە یاریزانەش رێک گرێبەست لەگەڵ ئەو تیپە واژوو دەکەن! لێرەدا مامەڵەو سەرو سەوداکە بەمشێوەیە دەستپێدەکات، بێگومان پێشوەختەو ژێر بە ژێر راهێنەرە گەندەڵەکە لەگەڵ یاریزانەکان رێککەوتووەو لەبەرامبەر بەخشینی گرێبەستێکی چەور بڕێک پارەیان لێوەرگرێت. بەڕاستی سەیرە یانە هەیە ئامادە نەبووە بڕی (٧٥) ملیۆن بە یاریزانێک بدات، کەچی هەمان یاریزان بە (٢٥٠) بۆ (٣٠٠) ملیۆن چۆتە یانەیەکی دیکەو بۆندی لەگەڵ واژووکراوە! گومانی تێدا نیە تەنها لەو بۆندە پشکی راهێنەر (١٠٠) ملیۆن دینار دەبێت، جا بیهێنە بەرچاوت راهێنەر لە ساڵیکدا (١٠) گرێبەستی لەو شێوەیە ئەنجامبدات، چەندی دەستدەکەوێ؟!

دیارە ئەو رێگایە ئاسانترینە بۆ دەسکەوتنی پارەیەکی زۆرو خێرا دەوڵەمەند بوون، بۆیە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەکانیش بە هەمان شێوە لەبەرامبەر نوێکردنەوە یان گرێبەستی نوێ، داوای بڕێک پارە لە یاریزانەکان دەکەن و پشکی خۆشیان لە پێشەکی بۆندەکە دەبەن، بۆیە دەبینین لە هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یانەکان کە چوار ساڵ جارێک ئەنجامدەدرێت، پارەیەکی زۆر بۆ کڕینەوەی دەنگەکان دەبەخشرێتەوەو تووندترین رکابەریش بۆ گەیشتن بەو پاروە چەورە لە نێوان بەربژێرەکان روودەدات! لێرەدا گرنگە ئاماژە بە خراپی رۆڵگێڕانی بەڕێوەبەری کاری یاریزانەکانیش بکەین، چونکە بەشێکیان داهێنەری ئەو فرت و فێڵ و گەندەڵیەن! یەکێک لەو بەڕێوەبەرانە بە یاریزانێکی گوتبوو من بە (١٠٠) ملیۆن دینار فلانە یانەت بۆ رێکدەخەم، بەڵام تۆ پەیوەندیت بەو بڕە پارە زیادە نیە کە لە گرێبەستەکە ئاماژەی پێدەکرێ!

بەداخەوە ئەو دیاردە قێزەونە بەشێکی زۆری یانەکانی عیراقی گرتۆتەوەو پێشبینیش دەکەم ساڵانی داهاتوو لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت و زیاتر تەشەنە بکات، بەهۆی ئەوەی گەندەڵیەکەش چوارچێوەیەکی یاسایی گرتووەو لە ڕێگەی گرێبەستی یاریزانەکەوە هەردوو لایەن واژووی لەسەر دەکەن، بۆیە ئەستەمە لایەنە پەیوەندیدارەکان و لیژنەکانی بەگژداچوونەوەی گەندەڵیش بتوانن کۆنتڕۆڵی بکەن!

هەرێز جەمال

1 کاتژمێر پێش ئێستا