بەرشەلۆنە گرێبەستی ڕۆدری یەکلایی دەکاتەوە

مەبەست عەدنان 2 کاتژمێر پێش ئێستا

یانەی بەرشەلۆنە دەستەوارەکەی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ڕۆدری ئیسپانی و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی مانچێستەر سیتی بۆ نزیکەی 60 ملیۆن یۆرۆ بەرزکردەوە، ئەوەش هەنگاوێکی نوێیە کاپتنی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە جێهێشتنی پاڵەوانی ئینگلتەرا نزیک دەکاتەوە، لە بەرامبەریشدا یانەی مان سیتی دەستی بە جووڵە کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئەگەرە و ئینزۆ فێرناندێزی ئەرجەنتینی و کاپتنی چێڵسی خستووەتە نێو ئامانجە سەرەکییەکانی بۆ شوێنگرتنەوەی ئەو یاریزانە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، دەستەوارە نوێیەکەی بەرشەلۆنە کە ڕەنگە گۆڕانکاری و پاداشتی دارایی لەخۆ بگرێت، دوای ئەوە دێت مانچێستەر سیتی یەکەم دەستەوارەی یانە کەتەلۆنییەکەی بە بڕی 45 ملیۆن یۆرۆ ڕەتکردەوە، بەوەش بەرشەلۆنە نزیکبووەتەوە لەو نرخەی کە یانە ئینگلیزییەکە بۆ ڕۆدری تەمەن 30 ساڵ دایناوە، کە پێشتر ئیسپانیای گەیاندە نازناوی مۆندیال و لە ساڵی 2024 خەڵاتی باڵۆن دۆری بەدەستهێنا.

ئەگەرەکانی تەواوبوونی ئەم گرێبەستە زیاتر دەبن لە سایەی ئارەزووی ڕۆدری بۆ پەیوەندیکردن بە بەرشەلۆنەوە، ئەوەش وای لە مان سیتی کردووە ئامادەکاری بۆ قۆناغی دوای ئەو یاریزانە ئیسپانییە بکات، لەو نێوەندەشدا ئینزۆ فێرناندێز وەک یەکێک لەو بژاردانە دەردەکەوێت کە جێگەی سەرنجی یانەکەیە، هەرچەندە چێڵسی نرخی ئەو یاریزانە نێودەوڵەتییە ئەرجەنتینییە بە نزیکەی 120 ملیۆن پاوەند دەخەمڵێنێت، ئەوەش ڕەنگە بڕە پارەیەکی زیاتر بێت لەوەی سیتی بیەوێت پێشکەشی بکات.

مەبەست عەدنان

2 کاتژمێر پێش ئێستا