"ماڵئاوا مامۆستای هەرە گەورەمان"

حەسەن فەلاح 2 کاتژمێر پێش ئێستا

بەختیار عەلی، ڕۆماننووسی دیاری کورد، لەبارەی کۆچی دوایی حسێن عارف، گەورە چیرۆکنووس دەنووسێت: "ماڵئاوا مامۆستای هەرە گەورەمان... مامۆستای هێمنی و بێدەنگی لە ڕۆژگاری دەنگەدەنگ و خۆنمایشکردندا."


حسێن عارف نوێنەری لەدایکبوونی جیهانێکی نوێیە

بەختیار عەلی

لە بڵاوکراوەکەدا بەختیار عەلی نووسینێکی کۆنی خۆی لەبارەی حسێن عارف داناوەتەوە، کە لە بەشێکیدا نووسراوە: "حسێن عارف نوێنەری ئەو چرکەیەیە کە تێیدا جیهانێکی نوێ لەدایکدەبێت، جیهانێک تێیدا ڕووداوە بچوکەکان، هەستە ڕاگوزەرەکان، هەڵوێستە وردەکان، جێگا پەراوێزیی و بێبایەخەکان، شوێنێکی گرنگ وەردەگرن."


دەشنووسێت، "دەنگی حسێن عارف بە پێچەوانەوە، هەتا ئەگەر باسی گەردەلوول و ساتی ترسناک بکات وەک لە شاکارە گەورەکەیدا «گەلەگورگ» دەیبینین، هێشتا ئارامی و هەناسەی هێمنی خۆی دەپارێزێت."


حسێن عارف چیرۆکنووسی مرۆڤە پەراوێزییەکانە

بەختیار عەلی

لە کۆتاییشدا جەخت لەوە دەکاتەوە، "هیچ نووسەرێکی ئێمە نییە وەک حسێن عارف بتوانین ناوی بنێین چیرۆکنووسی هەستە مرۆڤانە سادەکان، چیرۆکنووسی مرۆڤە پەراوێزییەکان. پاڵەوانەکانی ئەو مێژوو دروست ناکەن، ئیدیعای شتی گەورەیان نییە، بەڵکو زۆر سادە کێشە سیاسی و ڕۆژانەکانی خۆیان دەژین، کاتێکیش دەمرن یان لە ناودەچن، هەر لە ناو ئەو وێنە سادەیەدا دەمێننەوە."

زیاتر بزانە:

حسێن عارف کۆچی دوایی کرد

حەسەن فەلاح

2 کاتژمێر پێش ئێستا