ئۆساکا بەهۆی ماندوویەتییەوە لە پاڵەوانێتیی سێنسیناتی کشایەوە

نەورۆز عوسمان 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پوختەی هەواڵ:

  • ناومی ئۆساکای ژاپۆنی بەهۆی ماندوویەتییەوە لە پاڵەوانێتیی کراوەی سێنسیناتیی 2026 کشانەوەی ڕاگەیاند.
  • کشانەوەی ئۆساکا دوای بەشداریکردنی لە دوو پاڵەوانێتیی یەک لە دوایەکی واشنتن و تۆرنتۆدا هات.
  • ئۆساکا، کە خاوەنی چوار نازناوی گراند سلامە، خەمباریی خۆی دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە بە پەرۆشە بۆ گەڕانەوە لە ساڵی داهاتوودا
  • ئەمە دووەم ساڵە لەسەریەک ئەم یاریزانە ژاپۆنییە بەهۆی جەنجاڵی خشتەی یارییەکانییەوە بەشداری لە سێنسیناتی ناکات.

یاریزانی تێنسی ژاپۆنی، ناومی ئۆساکا، لە کاتژمێرەکانی ڕابردوودا بەهۆی ماندوویەتییەکی زۆرەوە کشانەوەی خۆی لە پاڵەوانێتیی کراوەی سێنسیناتیی 2026 ڕاگەیاند، دوای ئەوەی لە هەفتەکانی ڕابردوودا بەشداریی لە پاڵەوانێتییەکانی واشنتن و تۆرۆنتۆدا کردبوو.

بڕیارەکەی ئۆساکا، کە خاوەنی چوار نازناوی پاڵەوانێتییە گەورەکانە (گراند سلام)، دوای ئەوە هات کە زنجیرەیەک یاریی قورسی ئەنجام دا، لە پاڵەوانێتیی واشنتن گەیشتە قۆناغی پێشکۆتایی بەرامبەر ئالێکساندرا ئیالای فلیپینی، دواتریش لە پاڵەوانێتیی هەزار خاڵیی تۆرنتۆ گەیشتە قۆناغی چارەکی کۆتایی و بەرامبەر یێلێنا ڕیباکینای کازاخستانی شکستی هێنا.

ئۆساکا لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی ڕێکخراوی تێنسی سەر زەویی خانماندا بڵاو کراوەتەوە، دەڵێت: «زۆر خەمبارم کە بەهۆی ماندوویەتییەوە نەمتوانی ئەمساڵ بەشداری لە سێنسیناتی بکەم، زۆرم حەز لە یاری کردنە لەم پاڵەوانێتییە گەورانە و بە پەرۆشم بۆ گەڕانەوە و ڕکابەریکردن لە ساڵی داهاتوودا.»

ئەمە دووەم ساڵە لەسەریەک یاریزانە ژاپۆنییەکە لە پاڵەوانێتیی سێنسیناتی ئامادە نابێت، دوای ئەوەی وەرزی ڕابردوو دوای گەیشتنی بە یاریی کۆتایی مونتریال لەم پاڵەوانێتییە کشایەوە و هۆکارەکەی بۆ دەستکاری کردنی خشتەی بەشدارییەکانی گەڕاندەوە.

نەورۆز عوسمان

2 کاتژمێر پێش ئێستا