تۆرێس بۆ پێنج وەرز پەیوەندیی بە پاریس سانجێرمانەوە کرد

نەورۆز عوسمان 3 کاتژمێر پێش ئێستا

پوختەی هەواڵ:

  • فێران تۆرێسی هێرشبەری ئیسپانی بە گرێبەستێک بۆ ماوەی پێنج وەرز پەیوەندی بە پاریس سانجێرمانەوە کرد.
  • تێچووی گواستنەوەی تۆرێس بۆ پاریس سانجێرمان نزیکەی 50 ملیۆن یۆرۆیە.
  • تۆرێس خاوەنی گۆڵی سەرکەوتنی ئیسپانیایە لە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026 بەرامبەر ئەرجەنتین.
  • بەرشلۆنە بۆ قەرەبووکردنەوەی تۆرێس و لیڤاندۆڤسکی، ئانتۆنی گۆردۆن و کەریم ئادیمی گواستووەتەوە.

یانەی پاریس سانجێرمانی پاڵەوانی ئەورووپا بەفەرمی واژۆکردنی گرێبەستی لەگەڵ فێران تۆرێسی هێرشبەری ئیسپانی و پاڵەوانی مۆندیالی 2026 ڕاگەیاند،گرێبەستەکەش تاوەکو هاوینی 2031 بەردەوامیی دەبێت.

تۆرێسی تەمەن 26 ساڵ، کە گۆڵی یەکلاییکەرەوەی یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026ی بەرامبەر ئەرجەنتین تۆمار کرد، توانای یاریکردنی لە چەندین پێگەی هێرشبەریدا هەیە.

بەگوێرەی سەرچاوە میدیایییەکانی ئیسپانیا و فەرەنسا، بەهای گرێبەستەکە نزیکەی 50 ملیۆن یۆرۆ مەزەندە کراوە.

یانە گەورەکەی پاریس لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆر دڵخۆشن بە گواستنەوەی فێران تۆرێس، هەروەها ئەستێرە ئیسپانییەکە درێسی ژمارە نۆ دەپۆشێت.

قرشەکەی کەتەلۆنیا 40 گۆڵی تۆمارکرد

'قرشەکەی کەتەلۆنیا' لە 2022 لە مانچێستەر سیتییەوە بە بەهای زیاتر لە 55 ملیۆن یۆرۆ ڕووی لە بەرشلۆنە کردبوو، تەنیا وەرزێک لە گرێبەستەکەی مابوو بۆیە ڕۆیشتنی بۆ پاریس لە ڕووی کارگێڕییەوە ئەستەم نەبوو.

ئەم یاریزانە لەژێر سەرپەرشتی هانزی فلیکدا زیاتر وەک هێرشبەری دووەم و یەدەگ بۆ ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسکی پشتی پێ دەبەسترا، بەڵام بەردەوام ڕۆڵی یەکلاییکەرەوەی دەگێڕا، بە جۆرێک لە دوو وەرزی ڕابردوودا لە 94 یاریدا 40 گۆڵی تۆمار کردبوو.

پاریس پێشتریش ڕیزەکانی بە لوکاس دێن و ماگنییس ئەکلیوش بەهێزتر کردووە، لە بەرامبەردا، بەرشلۆنە دوای ڕۆیشتنی تۆرێس، لیڤاندۆڤسکی و مارکۆس ڕاشفۆرد، ڕیزەکانی بە ئانتۆنی گۆردۆن لە نیوکاسڵ و کەریم ئادیمی لە بوروسیا دۆرتمۆند تۆکمە کردووە.

نەورۆز عوسمان

3 کاتژمێر پێش ئێستا