80 ساڵ بەسەر تەمەنی پارتی دیموکراتی کوردستان تێدەپەڕێت
پووختەی هەواڵەکە:
- پارتی دیموکراتی کوردستان لە 16ی ئابی 1946 لە شاری مەهاباد دامەزرا.
- ئەم حیزبە لە تەمەنی 80 ساڵەی خۆیدا 14 کۆنگرەی فەرمیی ئەنجامداوە.
- مەلا مستەفا بارزانی و مەسعود بارزانی سەرۆکایەتیی پڕۆسە سیاسییەکەیان کردووە.
- پارتی لە پەرلەمانی کوردستان 39 کورسی و لە پەرلەمانی عێراق 26 کورسی هەیە.
هەشت دەیەی تەواوە بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا تێدەپەڕێت، کە وەک کۆنترین حیزبی سیاسی لە باشووری کوردستان چالاکییەکانی بەردەوامە. ئەم یادە هاوکاتە لەگەڵ یادی لەدایکبوونی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئێستای حیزبەکە، کە لە ساڵی 1946 لە مەهاباد لەدایکبووە. پارتی لە مێژووی خۆیدا چەندین وێستگەی جیاوازی بڕیوە و ئێستا بەشێکی سەرەکیی جومگەکانی دەسەڵاتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەدەستەوەیە.
مێژوو و ناسنامەی پارتی دیموکراتی کوردستان:
- پارتی لە 16ی ئابی 1946 بە ناوی "پارتی دیموکراتی کورد" لەلایەن مەلا مستەفا بارزانی و چەند کەسایەتییەکی دیکە دامەزرا.
- لە ساڵی 1953 و لە کۆنگرەی سێیەمدا، ناوی حیزبەکە گۆڕدرا بۆ "پارتی دیموکراتی کوردستان".
- یەکەم کۆنگرەی حیزبەکە لە ساڵی 1946 لە بەغداد و کۆتا کۆنگرەشی لە ساڵی 2022 لە دهۆک بەستراوە.
- بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، حیزبەکە خۆی وەک ڕێکخراوێکی دیموکراتی، جەماوەری و پێشکەوتنخواز دەناسێنێت.
پێگەی ئێستای حیزبەکە لە دەسەڵاتدا:
پارتی لە ئێستادا پۆستەکانی سەرۆکایەتیی هەرێم و سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەدەستەوەیە. لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵیش، جگە لە پۆستی وەزارەتی دەرەوە، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پشکی ئەم حیزبەیە. لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە تشرینی دووەمی 2025، توانیویەتی 26 کورسی بەدەستبهێنێت، لە کاتێکدا لە پەرلەمانی کوردستان خاوەنی 39 کورسییە و لە هەموو خولەکانی هەڵبژاردن بەشدار بووە.
گۆڕینی باڵانسی هێز و لەدەستدانی نیوەی حکومەت
لە کابینەی حەوتەمی هەرێمی کوردستانەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانەکانی زۆرترین پۆستەکانی حکومەتیان بەرکەوتووە و باڵادەستی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان بوون، بەڵام دوایین هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانییەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ باڵانسی هێزی گۆڕی. ئێستا هاوپەیمانییەکەی یەکێتی و نەوەی نوێ کورسییان لە پارتی زیاترە و لە پێکهێنانی کابینەکەی دەیەم دەبێت پارتی نیوەی پۆستەکان ڕادەستی هاوپەیمانییەکە بکات.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
1 کاتژمێر پێش ئێستا