پاریس سانجێرمان گواستنەوەی گۆدتسی ڕاگەیاند

مەبەست عەدنان 2 کاتژمێر پێش ئێستا

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، بەفەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ میکا گۆدتسی هێرشبەری بەلجیکی لە یانەی ئەیاکس ئەمستردامی هۆڵەندییەوە تاوەکو ساڵی 2031 ڕاگەیاند.

یانە پاریسییەکە لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمی خۆیەوە خۆشحاڵی خۆی بۆ پەیوەندیکردنی ئەو هێرشبەرە بەلجیکییە بە ڕیزەکانییەوە دەربڕی و ئاماژەی بەوەشکرد، کە ناوبراو درێسی ژمارە 22 دەپۆشێت.

گۆدتس لە 7ی حوزەیرانی 2005 لە شاری لۆڤنی بەلجیکا لەدایکبووە و کاروانی وەرزشی خۆی لە ئەکادیمیای ئەندەرلەخت دەستپێکردووە، پێش ئەوەی لە ساڵی 2020 پەیوەندی بە یانەی خینکەوە بکات کە تیایدا بە خێرایی وەکو یەکێک لە دیارترین بەهرە تازەپێگەیشتووەکانی تۆپی پێی بەلجیکا دەرکەوت بەتایبەتی لە کاتی بەشداریکردنی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بۆ لاوان.

لە مانگی کانوونی دووەمی 2023 گۆدتس بۆ درێژەدان بە پێشکەوتنەکانی ڕووی لە ئەیاکس ئەمستردام کرد و بەشداری لەگەڵ تیمی لاوانی ئەیاکس کرد، کە لە ماوەی وەرز و نیوێکدا لە کۆی 25 یاری 9 گۆڵی تۆمارکرد و 4 گۆڵی دیکەشی دروستکرد.

ئاستە بەرزەکەی وایکرد بە پلەبەندی سەربخرێت بۆ تیپی یەکەمی ئەیاکس دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار لە خولی هۆڵەندی بەرامبەر فۆرتونا سیتارد لە 9ی نیسانی 2023 دەرکەوت کاتێک تەمەنی تەنیا 17 ساڵ بوو، ئێستاش گۆدتس دوای پەیوەندیکردنی بە پاریس سانجێرمانەوە بە گرێبەستێکی درێژخایەن کە تاوەکو 2031 دەخایەنێت درێژە بە کاروانی وەرزشی خۆی لە فەرەنسا دەدات.

مەبەست عەدنان

2 کاتژمێر پێش ئێستا