کارڵسن بووە پاڵەوانی جامی جیهانیی یارییە ئەلیکترۆنییەکانی 2026

نەورۆز عوسمان 3 کاتژمێر پێش ئێستا

پوختەی هەواڵ:

  • ماگنۆس کارڵسن، یاریزانی نەرویجی، بۆ دووەم ساڵی لەسەریەک نازناوی شەترەنجی لە جامی جیهانیی وەرزشە ئەلیکترۆنییەکانی 2026 بەدەستهێنا.
  • کارڵسن بە بێ هیچ دۆڕاندنێک لە تەواوی قۆناغەکانی کۆمەڵەکان و قۆناغە یەکلاکەرەوەکاندا ڕکابەرییەکانی کۆتایی پێ هێنا.
  • کارڵسن لە یاریی کۆتاییدا سەرکەوتنی بەسەر دینیس لازاڤیکی یاریزانی بێلاڕووسی بەدەستهێنا.
  • لازاڤیک توانی لە چوار ڕووبەڕووبوونەوەدا یەکسانبوون بەدەستبهێنێت، بەڵام نەیتوانی هیچ سەرکەوتنێک بەرامبەر پاڵەوانی جیهان تۆمار بکات.

ماگنۆس کارڵسن، ئەفسانەی شەترەنجی نەرویج و جیهان، دوای پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز، توانی نازناوی جامی جیهانیی وەرزشە ئەلیکترۆنییەکانی 2026 بەدەستبهێنێت و و بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک بووە پاڵەوان.

کارڵسن لەم بەشدارییەیدا هیچ دۆڕاندنێکی تۆمار نەکرد، بەمەش سەلماندی کە هێشتا باشترین یاریزانی شەترەنجە لە جیهاندا. پاڵەوانی تیپی (تیم لیکوید) لە یاریی کۆتاییدا ڕووبەڕووی دینیس لازاڤیکی یاریزانی بێلاڕووسی بووەوە و لە دوو گەڕی لەسەریەکدا لێی بردەوە.

ئەگەرچی لازاڤیک لە چوار یارییدا توانی یەکسانبوون بەرامبەر کارڵسن بەدەستبهێنێت، بەڵام نەیتوانی هیچ سەرکەوتنێک تۆمار بکات و ڕێگە لە پلانی یاریکردنی کارڵسن بگرێت. کارڵسن لە قۆناغی کۆمەڵەکان و قۆناغە یەکلاکەرەوەکاندا بە تەواوی بێ دۆڕان مایەوە و لە هەموو یارییەکانیدا بە بردنەوە یان یەکسانبوون هاتە دەرەوە.

جیاوازی ئەم یارییە و یارییە ئۆنلاینەکان

لە قۆناغی پێش کۆتاییدا، کارڵسن لە عەلیرەزا فیرۆزجای بردەوە، لە بەرامبەردا لازاڤیکی تەمەن 19ساڵ دوای سەرکەوتنی بەسەر هیکارو ناکامۆرادا گەیشتە یاریی کۆتایی، بەڵام کارڵسن ڕێگەی نەدا بگاتە نازناوەکە.

دوای یارییەکە کارڵسن گوتی: "پێشتر لە یارییە ئۆنلاینەکاندا بە شێوازێکی بوێرانەتر بەرامبەر لازاڤیک یاریم دەکرد، بۆیە چەند جارێک تووشی دۆڕاندن بووم، بەڵام لەم پاڵەوانێتییەدا هەوڵم دا هیچ هەلێکی پێ نەدەم و لە سەرجەم دەرفەتەکان بۆ بردنی یارییەکە کەڵک وەربگرم."

نەورۆز عوسمان

3 کاتژمێر پێش ئێستا