بەرشلۆنە گرێبەستی ڕۆدری یەکلایی کردووەتەوە
"رۆدری بۆ بەرشەلۆنە.. هێر وی گۆ!" بەم دەستەواژەیە، فابریزیۆ رۆمانۆی رۆژنامەوانی ئیتاڵی کۆتایی بە دەنگۆکانی داهاتووی ڕۆدری ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی مانچێستەر سیتی هێنا و پشتڕاستی کردەوە، کە هەردوو یانە گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ گواستنەوەی یاریزانە نێودەوڵەتییە ئیسپانییەکە بۆ یانەی بەرشلۆنە، چەندین ماڵپەڕ هەواڵەکەی رۆمانۆیان گواستووەتەوە کە تیایدا جەخت لە یەکلاییکردنەوەی رێککەوتنی نێوان هەردوولا کراوەتەوە.
دوابەدوای ئەوەش، پێگەی "گۆڵ"ی جیهانی راپۆرتێکی بڵاوکردەوە بە ناونیشانی "لەکۆتاییدا گرێبەستەکە ئەنجامدرا.. رۆدری دەچێتە بەرشەلۆنە"، تیایدا دووپاتی کردەوە، کە پاش ماوەیەکی درێژ لە دانوستان و کێشمەکێشی نێوان هەردوو یانە، بەرشەلۆنە گرێبەستکردنی لەگەڵ ئەستێرەکەی مانچێستەر سیتی کۆتایی پێهێناوە.
چەند کاتژمێرێک پێشتر، پێگەی "گۆڵ" ئاشکرای کردبوو، کە دانوستانەکان چوونەتە قۆناغی کۆتاییەوە، ئەوەش دوای ئەوەی مانچێستەر سیتی چەندین ئۆفەری پێشووی بەرشەلۆنەی رەتکردبووەوە، لە کاتێکدا یانە کەتەلۆنییەکە گوشاری بەردەوامی دەکرد بۆ تەواوکردنی گرێبەستەکە.
بەوشێوەیەش رۆدری تەمەن 30 ساڵ دەگەڕێتەوە ئیسپانیا، کە پێشتر لەگەڵ یانەی ڤیاڕیاڵ دەستی بە کاروانی وەرزشی خۆی کردووە، پێش ئەوەی لە ساڵی 2018 پەیوەندی بە ئەتلەتیکۆ مەدریدەوە بکات و دواتریش لە هاوینی 2019 ڕوویکردە مانچێستەر سیتی.
2 کاتژمێر پێش ئێستا