سکۆتلەندا پاڵپشتییەکانی بۆ ئینفانتینۆ دەکێشێتەوە
یەکێتیی تۆپی پێی سکۆتلەندا بە فەرمی پاڵپشتییەکانی بۆ جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی فیفا کشاندەوە و پەیوەندی بە کاروانی ئەو وڵاتانەوە کرد کە دژی سیاسەتەکانی وەبەرهێنان لە مۆندیال دەوەستنەوە.
یەکێتیی تۆپی پێی سکۆتلەندا پاڵپشتییەکانی بۆ جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی یەکێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ کشاندەوە، کە ئێستا ڕووبەڕووی گوشارێکی گەورە بووەتەوە.
ئەو بڕیارەش دوای هەوڵە شکستخواردووەکەی سەرۆکی فیفا دێت بۆ هێنانی وەبەرهێنانی تایبەت بۆ ناو پاڵەوانێتییەکان و بەتایبەتیش جامی جیهانی، پێشتریش چەندین یەکێتیی وڵاتانی ئەورووپا پاڵپشتییەکانیان بۆ ئینفانتینۆ کشاندبووەوە، کە لە نێویاندا ئینگلتەرا و ئێرلەندا و وێڵز دەبینرێن.
یەکێتیی سکۆتلەندا بووە نوێترین لایەن بە فەرمی دەستبەرداری پاڵپشتیکردنی ئەو سەرۆکە ببێت، کە هیوای خواستبوو ئەو قەیرانە تێپەڕێنێت بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو لە کۆنگرەی فیفا دووبارە هەڵبژێردرێتەوە.
ئیان ماکسوێڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یەکێتیی سکۆتلەندا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، کە یەکێتییەکەیان دەنگ بە جیانی ئینفانتینۆ نادات، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بڕیارە لەگەڵ هەڵوێستی یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا یەکدەگرێتەوە و لە تەواوی ماوەی ڕابردووشدا پارێزگاریمان لەم هەڵوێستە کردووە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا