پوختەیەک لەبارەی مێژووی GTA VI
بەشی شەشەمی GTA، تەنیا یارییەکی ئەلیکترۆنی نییە بۆ بەسەربردنی کات، بەڵکو بۆنەیەکی کولتووری، پێشهاتێکی ئەلیکترۆنی، ئامێرێکی زەبەلاحی دارایی و ئامڕازی سەرەکییە بۆ گۆڕینی داهاتووی تەواوی پیشەسازییەکانی (یاری ئەلیکترۆنی، سینەما و موزیک).
تەواوی ئەوەی پێویستە لەبارەی بەشی شەشەمی GTA بیزانیت و بەشێوەیەکی مێژوویی لەم ڕاپۆرتەدا هەن، بە چەند خاڵێک کورت دەکەینەوە:
- 2013 بەشی پێنجەمی GTA بڵاوکراوەتەوە
- 2014 یەکەم دەنگۆی بەرهەمهێنانی بەشی شەشەم بڵاوبووەوە
- 2020 تەیک توو پەرەپێدانی بەشی شەشەمی ئاشکرا کرد
- 2022 ڕۆکستار بۆ یەکەمجار پەرەپێدانی بەشی شەشەمی باسکرد
- 2022 دەیان گرتەی یارییەکە دزەیان پێکرا
- کانوونی دووەمی 2023 بە فەرمی یارییەکە ئاشکرا کرا
- 2025 یەکەم ترەیلەری یارییەکە بڵاوکرایەوە
- ئایاری 2025 یارییەکە دواخرا بۆ ئایاری 2026 و ترەیلەری دووەم بڵاوکرایەوە
- تشرینی دووەمی 2025 بۆ جاری دووەم، یارییەکە بۆ تشرینی دووەمی 2026 دواخرا
- حوزەیرانی 2026 کڕینی پێشوەختە ئاشکرا کرا
- کۆتایی ئابی 2026 وەکو وادەی ترەیلەری سێیەم و گەیمپلەی دەستنیشان کرا

درێژەی بابەت
ساڵی 2013، پاش بڵاوبوونەوەی بەشی پێنجەمی یاریی GTA، کۆمپانیای ڕۆکستار – کۆمپانیای بەرهەمهێنەری یاریەکە – پاڵنەر بە خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت و یاریکردنی سەرهێڵ، تۆوی دواخستنی بەشی شەشەمی زنجیرە یارییەکەی چاند.
جیاواز لەو نەریتەی هەیبوو (بڵاوکردنەوەی بەشێکی نوێ چوار بۆ پێنج ساڵ جارێک)، ڕۆکستار لەبری بڵاوکردنەوەی بەشی نوێ، سەرنجەکانی خۆی لەسەر GTA Online چڕکردەوە، کە گەورەترین سەرکەوتنی لە ئاستی کۆکردنەوەی داهات و گەیمەر بۆ بەشی پێنجەم بەدەستهێنا.

دروستکردنی زەمینەیەکی فراوان بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین بڕی پارە، وای کرد ڕۆکستار کەمتر بیر لە بەشی شەشەم بکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا، بیرۆکەی دروستکردنی یارییەکی زەبەلاح گەڵاڵە بکات، کە لە داهاتوودا پاڵپشتیکراو دەبێت پاڵپشتییەکی دارایی زەبەلاح
چاودێران
2014 – دەنگۆکان بڵاودەبنەوە
تەنیا پاش تێپەڕینی یەک ساڵ بەسەر بڵاوکردنەوەی بەشی پێنجەمی GTA و ئۆنڵاینەکەی، بەشێک لە چاودێران، گریمانەی ئەوەیان دەکرد، بەشی شەشەم لە قۆناغی سەرەتای پەرەپێدانیدایە، بەڵام ئەم دەنگۆیە، تاوەکو بەنزیکەی هەشت ساڵ، وەکو گریمانە و خەونێک لە ئاسمانی یارییە ئەلیکترۆنییەکاندا مایەوە.
2018 و چیرۆکی چەتەکانی دەچ
لەکاتێکدا هەمووان چاوەڕوانی زانیارییەکی نوێ بوون لەبارەی بەشی شەشەمی GTA، بەڵام ڕۆکستار بەبێ گوێدانە خواستی هەمووان، یارییەکی جیاوازی پێشکەش کرد، یاریی Red Dead Redemption 2، گەرچی تاوەکو ئێستا بە یەکێک لە باشترین یارییەکان لە مێژوودا وەسف دەکرێت، بەڵام خرۆشان و خواستی گەیمەرانی دانەمرکاندەوە بۆ ئاڕاستەکردنی داواکاریی زیاتر بۆ ڕۆکستار.

چیرۆکی چەتەکانی دەچ، کە چیرۆکی سەرەکی بەشی دووەمی ڕێد دێد بوو، هەڵگری چەند ئاماژەیەکی گەورە و بەهێز بوو بۆ یاریی داهاتووی ڕۆکستار، لەوانە:
- بەرەوپێشچوونی ئینجن (بەکارخەر)ی Rage
- بەرزکردنەوەی کواڵیتی و گرافیک
- گرینگیدان بە وردەکاری
- بەرزکردنەوەی ئاستی فیزیک و داینامیک
- دانانی گرێچنێکی بەهێز و تۆکمە
دەیەی دووەم، دەیەی GTA VIـە
گێژاوە گەورەکە ساڵانی 2019 بۆ 2020 سەریهەڵدا، زانیارییە دزەپێکراو و دەنگۆکان هێندە گەورە بوون، خودی ناونیشانی GTA بوو بە ناونیشانی ڕۆژنامە و سایتەکان، پیشەسازییەکان پێی کاریگەر بوون و هەمووان باسیان دەکرد.
لەم ساڵانەدا، ئەوەی بە نافەرمی بڵاوکرانەوە، بریتیبوون لە:
- گەڕانەوەی ناوی ڤایس سیتی
- چیرۆکی بۆنی و کڵاید
- یاریکردن بە چەند کارەکتەرێک
- نەخشەیەکی زەبەلاح
- بوونی کارەکتەرێکی مێینە

جەیسن شرایەر و هەواڵە شۆکهێنەرەکە
ساڵی 2020، جەیسن شرایەر، ڕۆژنامەوانی بواری یارییە ئەلیکترۆنییەکان و جیهانی دیجیتاڵ، چەند زانیارییەکی فەرمی و پێش وادەی ئاشکراکردنی بەشی شەشەمی GTA بە جیهان بەخشی، کە هەمووانی شۆک کرد، پاش تێپەڕینی بەنزیکەی هەشت ساڵ بەسەر دەنگۆکان و هیوای گەیمەران، جەختی لەوە کردەوە:
- بەشی شەشەمی GTA VI لە قۆناغی سەرەتای پەرەپێداندایە
- گۆڕانکاری بەسەر سیاسەتی ڕۆکستار هاتووە لە پەرەپێدانی یارییەکاندا
- پێشبینی گۆڕانی بازاڕگەری دەکرێت

دووی شوباتی 2022: ڕۆژی تەقینەوە گەورەکە
لە مێژووی دەنگۆ و زانیارییەکان لەبارەی GTA VI، سەرەتای مانگی شوباتی 2022 بە گەورەترین پێشهات دەستنیشان کراوە، ڕۆکستار لە کۆتاییدا و پاش تێپەڕینی بەنزیکەی دەیەیەک لە دەنگۆ، چاوەڕوانی، نیگەرانی، توڕەیی و نائومێدیی گەیمەران، گۆمەکەی شڵەقاند و ڕایگەیاند: "بەڵێ، بەشی داهاتووی GTA لە پەرەپێداندایە."
گەرچی ئەم ڕاگەیێنراوە بەگوێرەی پێویست نەبوو بۆ بەخشینی زانیاری ورد لەبارەی یارییە نوێیەکە، بەڵام دڵنیاکەرەوەی هەمووان بوو کە "بەڵێ بەشی شەشەم لەڕێگەیە و هەمووان چاوەڕوانی بن."

ڕۆکستار شۆک کرا
ئەیلوولی 2022، لە ناوەندی دەنگۆ و دڵخۆشییەکاندا، لەگەڵ چاوەڕوانیی بەردەوامی گەیمەران بۆ بڵاوبوونەوەی دەنگۆ یان زانیارییەکی نوێ، شتێکی سەرسوڕهێنەر بۆ جیهان و شۆکهێنەر بۆ ڕۆکستار ڕوویدا: دیمەنی GTA VI دزەی پێکرا.
گەنجێکی هاککەر لە لەندەن، لەڕێگەی تەکنیکێکی جیاوازەوە، توانی دەستی بگات بە سیستم و سێرڤەرە ناوخۆییەکانی ڕۆکستار و 90 گرتە و دیمەنی لە قۆناغی پەرەپێدانی GTA VI دەستکەوت؛ بەبێ چاوەڕوانی و ترسێک، تەواوی زانیارییەکانی بڵاوکردەوە.

جیهانی ئینتەرنێت، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک خرۆشا، هەمووان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕان بۆ بینینی زانیارییە دزەپێکراوەکان، یوتیوبەر و بەرهەمهێنەر و تەلەڤیزیۆنەکان بەشێکی زۆری بابەتەکانیان بۆ ئەم ڕووداوە تەرخان کرد، ئەوەی ڕۆکستار چاوەڕێی نەبوو، ڕوویدا، بە ناچاری، کۆمپانیای Take Two، کە کۆمپانیای دایکە و خاوەنی ڕۆکستارە، بە پاڵپشتیی FBI و پۆلیسی لەندەن، توانی تۆمەتبار دەستگیر بکات و لە دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا دۆسیەکەی خرایە ژێر باری "گرفتی دەروونی"ـەوە.
گەورەترین دزەپێکردن بوو لە مێژووی یارییە ئەلیکترۆنییەکاندا
چاودێران
ڕۆکستار دۆخەکەی جڵەو کرد و گەیمەرانی دڵنیا کردەوە، "دزەپێکردنەکان ڕاستەقینەن، بەڵام هۆکار نابن بۆ دواخستنی درێژخایەنی یارییەکە و پەرەپێدان ناوەستێنێت."
2023 – ساڵی بەبازاڕکردن
تشرینی دووەمی 2023، سام هاوزەر، هاودامەزرێنەر و سەرۆکی ئێستای ڕۆکستار، ئاشکرای کرد: کانوونی دووەم هەمووان یەکەم ترەیلەری GTA VI دەبینن؛ ڕاگەیێنراوەکە لە چوارچێوەی 25ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆمپانیاکە بوو، کە هەمووانی دڵخۆش کرد و ئینتەرنێتی تەقاندەوە.

کانوونی دووەمی 2023 – خۆشییەک و ناخۆشییەک
ڕێکەوتی پێنجی کانوونی دووەمی 2023، ئەو ڕۆژەیە کە بۆ یەکەمجار و پاش 10 ساڵ لە دەنگۆ و هیوا، داواکاری و چاوەڕوانیی ملیۆنان کەس، لە کۆتاییدا ڕۆکستار یەکەم ترەیلەری بەشی شەشەمی GTA بڵاوکردەوە و چەندین زانیاریی ئاشکرا کرد:
- یارییەکە لە دوو کارەکتەر (لوسیا و جەیسن) پێکدێت
- نەخشەکە ڤایس سیتی و لیۆنیدا لەخۆدەگرێت
- لە سەردەمی هاوچەرخدایە
- 2025 بڵاودەکرێتەوە

گەرچی ڕۆکستار بە کاردانەوەکان دڵی خۆش بوو، بەڵام هێشتا نەیدەتوانی لە خێوی دزەپێکردنی زانیارییەکانی دەربازی ببێت، لە هەمان ڕێکەوتدا و پێش چەند کاتژمێرێک، ترەیلەرەکە لەڕێگەی سێرڤەرەکانی یوتیوبەوە، دزەی پێکرا و ئەمەش هەستیاریی لەنێوان ڕۆکستار و یوتیوب دروستکرد.
ترەیلەرەکە لە سەردەمی خۆیدا، توانی ئەم تۆمارانە بشکێنێت:
- لەماوەی 24 کاتژمێردا بەنزیکەی 100 ملیۆن بینەری هەبوو
- بوو بە گەورەترین ڤیدیۆی یوتیوب کە موزیک نەبێت و گەورەترین بڵاوکردنەوەی هەبێت

2024: داواکارییەکی بەپەلە
ساڵی 2024 ساڵی چڕکردنەوەی کارکردن بوو بۆ ڕۆکستار، تەواوی کارمەندەکان خستە باری نائاساییەوە و هەمووانی گەڕاندەوە بۆ ئۆفیسەکانیان، ئەمەش بەمەبەستی:
- بەرهەمهێنانی خێرا
- دابینکردنی ئاسایشێکی بەهێزتر
- هەماهەنگییەکی باشتر
- ڕێگریکردن لە دزەپێکردن
- تەواوکردنی خێرای یارییەکە
2025: ئەو هەواڵەی کەس چاوەڕێی نەبوو
پاش تێپەڕینی بەنزیکەی دوو ساڵ بەسەر ئاشکراکردنی یارییەکە و دەستنیشانکردنی وادەی بڵاوبوونەوەی، بەڵام ڕۆکستار پابەند نەبوو بە کاتەوە؛ لە یەکەم ڕاگەیێنراوی فەرمی و شۆکهێنەردا، جیهانی لەوە ئاگادار کردەوە، "GTA VI چیتر لە 2025 بڵاوناکرێتەوە."
هۆکارە سەرەکییەکەشی گەڕاندەوە بۆ: "پێویستبوونی کات، بۆ بەخشینی یارییەک لە بەرزترین کواڵیتی خۆیدا."

"ئاوێک بکەن بە ئاگرەکەدا"
ڕێکەوتی شەشی ئایاری 2025، ڕۆژی بڵاوبوونەوەی ترەیلەری دووەمی یارییەکەیە، گەرچی هەمووان لەوە نیگەران بوون کە ڕۆکستار یارییەکە دوادەخات، بەڵام کەمێک ئومێدیان بۆ گەڕایەوە لەڕێگەی بڵاوبوونەوەی ترەیلەری دووەم.
لەم ترەیلەرەدا، ڕۆکستار بەرەوپێشچوونی چیرۆکەکە و پەیوەندیی نێوان کارەکتەرەکانی ئاشکرا کرد و هەوڵی دا قەرەبووی دواخستنەکە بەم ترەیلەرە بکاتەوە.

دووەم دواخستن یان "تسۆنامییەک لە نیگەرانی و توڕەیی"
ڕێکەوتی شەشی تشرینی دووەمی 2025، بۆ جارێکی دیکە و بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، کۆمپانیای ڕۆکستار ڕایگەیاند کە بۆ جاری دووەم بڵاوکردنەوەی یارییەکە دوادەخەن: لەبری 26ی ئایاری 2026، هەمووان چاوتان لەسەر 19ی تشرینی دووەمی 2026 بێت.
بە گوتەی بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکە، "دواخستن و مانگە زیادەکان پێویستن، بۆ گەیشتن بە یارییەکی تەواوکراو لە ئاستێکی پێویستدا کە هەمووان پەسەندی بکەن."

کەوتنی دۆمینەی چاوەڕوانی
ڕێکەوتی 25ی ئایاری 2026، بە یەکێک لە ڕێکەوتە گرنگەکان دادەنرێت لە مێژووی GTA VI، بەو هۆکارەی:
- بۆ یەکەمجار کڕینی پێشوەختە ئاشکرا کرا
- دڵنیایی درا لە جێگیریی وادەی بڵاوکردنەوەی یارییەکە
- دوو وەشانی یارییەکە بە نرخەکانی 79.99 دۆلار و 99.99 دۆلار ئاشکرا کران
بەشێک لە چاودێران، ئەم ڕێکەوتە بە ڕێکەوتی کەوتنی دۆمینەی چاوەڕوانی وەسف دەکەن؛ نیگەرانیی گەیمەران دەڕەوێننەوە و هەمووان دەخەنە پۆلی قۆناغی کۆتایی و گەیشتن بە یارییەکە؛ گەرچی ڕۆکستار بە فەرمی جەختی لەوە کردەوە کە یارییەکە بەشێوەی فیزیکی بەردەست نابێت، بەڵام ژمارەیەکی کەم لە گەیمەران ئەم پێشهاتەیان بە ڕووداوێکی نەخوازراو وەسف کرد.

کۆمپانیای دایک دڵخۆشە
تاوەکو ڕێکەوتی 18ی ئابی 2026، ئەوەی زانراوە، کۆمپانیای تەیک توو، کە خاوەندارێتیی ڕۆکستار دەکات دڵخۆشە و دۆخەکە بە "چاوەڕواننەکراو" وەسفدەکات؛ بەشێک لە چاودێران دەڵێن، "تەنیا بە کڕینی پێشوەختە، ڕۆکستار توانیویەتی زیاتر لە ملیارێک ملیۆن دۆلار بە فرۆشتنی GTA VI کۆبکاتەوە."

GTA VI، ئامێرێکی زەبەلاح بۆ کۆکردنەوەی پارە
ئەوەی تاوەکو ئێستا و بە فەرمی ئاشکرایە، تێچووی بەشی شەشەمی GTA ملیاران دۆلارە، گەرچی کۆمپانیای ڕۆکستار هیچ وردەکارییەکی دارایی لەبارەی پەرەپێدان و تێچووەی یارییەکە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ئابووریناس و چاودێران جەخت لەوە دەکەنەوە: بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی یارییەکە بەربەستی دوو ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

ئەوەی خەمڵاندنە و پێشبینییەکی بەهێزە بۆ داهاتووی دارایی یارییەکە، کۆکردنەوەی دەیان یان سەدان ملیار دۆلارە بەدرێژایی چەندین ساڵی داهاتوو، بە چەشنێک، چاودێران پێشبینی دەکەن، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا، ڕۆکستار بتوانێت سنووری مایەی یارییەکە تێپەڕێنێت و لە کەمتر لە مانگێکدا قازانجەکانی دوو هێندە و سێ هێندە بێت.
پەیوەست بە کڕینەوەی مۆدێکی وەکو FiveM لەلایەن ڕۆکستارەوە، کە مۆدێکی ڕۆڵپلەی تایبەت بە GTA Vـە، چاودێران پێشبینی دەکەن، بۆ جارێکی دیکە، یاری ئۆنڵاین و ئەزموونی یاریکردن پێکەوە، ببێتەوە بە پایەی سەرەکی کۆکردنەوەی پارە و ئامانجی دارایی تەیک توو بۆ چەندین ساڵی دیکە، لەسەر قورسایی بەشی شەشەمی GTA دابنرێت.

دوایین پێشهاتەکان و قسەی کۆتایی
لە دوایین ڕاگەیێنراوی کۆمپانیای ڕۆکستاردا، ئەوە ئاشکرا کرا، شێوازی بازاڕگەری کۆمپانیاکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، لێرە بەدوا، لەبری پشتبەستن بە تۆڕێکی وەکو یوتیوب، پشت بە Netflix دەبەستن بۆ بڵاوکردنەوە و پەخشکردنی ترەیلەرەکانیان، بەشێک لە چاودێرانیش گریمانەی ئەوە دەکەن، ئەم هەنگاوەی ڕۆکستار، هۆکارەکەی توڕەبوونیەتی لەو دزەپێکردنانەی لەماوەی ڕابردوودا و بەهۆی لاوازیی ئاسایشی یوتیوب ڕوویاندا.
ئەوەی ئێستا بۆ هەمووان ئاشکرایە و ڕوودەدات:
- ڕێکەوتی 27ی ئاب ترەیلەر و گەیمپلەی GTA VI بڵاودەکرێتەوە
- قۆناغی بازاڕگەریی قووڵی یارییەکە دەستپێدەکات
- چیتر یارییەکە دواناخرێت

2 کاتژمێر پێش ئێستا