عێراق کار بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی پشووەکان دەکات
پووختەی هەواڵەکە:
- لیژنەی پەروەردە دەیەوێت دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی پشوو تەنیا لای سەرۆکوەزیران بێت.
- زۆریی پشووە هەڕەمەکییەکان زیانی بە مەنهەجی خوێندنگەکان و پۆلە کۆتاکان گەیاندووە.
- ساڵانە لە عێراق 22 ڕۆژ و لە هەرێمی کوردستان 35 ڕۆژ پشووی فەرمی هەن.
زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8 ئاشکرای دەکات، عێراق کار بۆ بڕیارێکی نوێ دەکات تاوەکو کۆتایی بە پشووە هەڕەمەکییەکانی پارێزگاکان بهێنێت، چونکە ڕاگەیاندنی پشوو بەهۆی کەشوهەواوە لە تەواوی پارێزگایەک لە کاتێکدا تەنیا یەک ناوچەی گرتووەتەوە، کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاستی زانستیی خوێندکاران دروست کردووە.
لیژنەی پەروەردەی عێراق:
- لیژنەی پەروەردەی ئەنجوومەنی نوێنەران کار دەکات بۆ ئەوەی ڕاگەیاندنی پشوو لە هەموو پارێزگاکان تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیراندا بێت.
- کار دەکرێت بۆ ڕێگریکردن لە ڕاگەیاندنی پشووی گشتی لە تەواوی پارێزگایەکدا ئەگەر کاریگەریی کەشوهەوا تەنیا لە ناوچەیەکی دیاریکراودا بێت.
- ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە کەمکردنەوەی پشووە هەڕەمەکییەکان و دڵنیابوونەوەیە لە تەواوکردنی مەنهەجی خوێندن لە کاتی خۆیدا.
ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق:
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 12 ڕۆژی جێگیر وەک پشووی فەرمی لە عێراقدا هەن، بەڵام بۆ ساڵی 2026 کۆی پشووەکان لە نێوان 20 بۆ 22 ڕۆژدایە. ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵاتی هەیە پشوو ڕابگەیێنێت بەو مەرجەی لە 7 ڕۆژ زیاتر نەبێت. هەروەها ڕۆژانی هەینی و شەممە پشووی فەرمین، بەڵام لە کاتی پێویستدا پشووی شەممان بۆ ناوەندەکانی خوێندن هەڵدەوەشێندرێتەوە.
زانیاریی زیاتر لەسەر پشووەکانی هەرێمی کوردستان:
لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2026، 35 ڕۆژ وەک پشووی فەرمی (جگە لە هەینی و شەممە) دیاریکراوە. دابەشبوونی پشووەکان بەم شێوەیەیە: مانگی ئازار زۆرترین پشووی تێدایە بە 7 ڕۆژ، مانگی ئایار و تشرینی یەکەم بە 6 ڕۆژ، مانگی نیسان 4 ڕۆژ، مانگەکانی تەممووز و ئاب 3 ڕۆژ، مانگەکانی کانوونی یەکەم و حوزەیران 2 ڕۆژ، و مانگی کانوونی دووەم 1 ڕۆژ. لەم بڕە 16 ڕۆژیان تایبەتن بە جەژن و بۆنە ئایینییەکان.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
2 کاتژمێر پێش ئێستا