ڕۆبێرتۆ کارلۆس سەرجەم دەنگۆکانی موسڵمانبوونی بەدرۆخستەوە

مەبەست عەدنان 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕۆبێرتۆ کارلۆس، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی بەڕازیل و یانەی ڕیاڵ مەدرید، ئەو دەنگۆیانەی بەتەواوی ڕەتکردەوە کە باس لە موسڵمانبوونی دەکەن و دەڵێت بەهیچ شێوەیەک شتی لەوجۆرە ڕووینەداوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دەنگۆیەکی بەربڵاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک میدیاکان بڵاوبووەوە، کە گوایە کارلۆس دوای هاوسەرگیری کردنی لەگەڵ ئافرەتێکی مەغریبی بەناوی سوهەیلە تەهیری، ئایینی ئیسلامی قبوڵ کردووە و شەهادەی هێناوە.

لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەدا، یاریزانە ئەفسانەییەکەی بەڕازیل لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا ڕایگەیاند،کە ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوە. کارلۆس ئاماژەی بەوەدا کە ڕێزێکی زۆری بۆ ئایینی ئیسلام و بیروباوەڕی هاوسەرەکەی هەیە و حەز بە بینینی نوێژکردنی هاوسەرەکەی دەکات، بەڵام ئایینی خۆی نەگۆڕیوە.

ئەو ڕوونكردنەوەیەی کارلۆس دوای ئەوە هات کە وێنەی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەیان بڵاوبووەوە، کە تیایدا ڕێوڕەسمی جیاواز ئەنجامدرابوو بۆ ڕێزگرتن لە بیروباوەڕی خێزانی هەردوولا. کارلۆس دووپاتی کردەوە ڕێزگرتن لە ئایینێک بە مانای گۆڕینی ئایینی کەسەکە نایەت.

مەبەست عەدنان

3 کاتژمێر پێش ئێستا