ڤێرشتاپن گرێبەستی لەگەڵ ڕێدبوڵ نوێ کردەوە
- ماکس ڤێرشتاپن تاوەکو 2030 گرێبەستی لەگەڵ تیمی ڕێدبوڵ نوێ کردەوە.
- بەهۆی پاشەکشەی ئاستی ئۆتۆمبێلەکەی لەم وەرزەدا، دەنگۆی ئەوە هەبوو ڤێرشتاپن پەیوەندی بە تیمێکی دیکەوە بکات.
- شۆفێرە هۆڵەندییەکە ڕێدبوڵی بە «خێزانی دووەمی خۆی» ناو برد و جەختی لەسەر هەوڵدان بۆ گەڕانەوە بۆ لووتکە کردەوە.
- لۆران میکیس، سەرۆکی تیمی ڕێدبوڵ، نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ متمانەی نێوان شۆفێر و تیمەکە گەڕاندەوە.
ماکس ڤێرشتاپن، کە چوار جار پاڵەوانی پێشبڕکێکانی فۆرمولا وەنە، بە تەواوی داهاتووی وەرزشیی خۆی یەکلایی کردەوە و بە شێوەیەکی فەرمی گرێبەستەکەی لەگەڵ تیمی ڕێدبوڵ تاوەکو کۆتایی وەرزی 2030 درێژ کردەوە.
سەرەڕای ئەوەی گرێبەستی شۆفێرە هۆڵەندییە 28 ساڵەکە تاوەکو کۆتایی 2028 درێژەی هەبوو، بەڵام بڕگەیەکی تایبەتی لە گرێبەستەکەیدا هەبوو کە ڕێگەی پێ دەدا لە کاتی دابەزینی ئاستی ئۆتۆمبێلەکەیدا جێیان بهێڵێت.
لەم وەرزەدا و دوای ئەنجامدانی 11 پێشبڕکێ، دابەزینی ڕێدبوڵ بۆ پلەی 4ەم لەسەر ئاستی تیمە وەبەرهێنەکان و مانەوەی ڤێرشتاپن لە پلەی 6ەمی شۆفێراندا بە جیاوازی 110 خاڵ لە دوای کیمی ئەنتۆنێلییەوە، ئەگەری گواستنەوەی ڤێرشتاپن بۆ تیمەکانی مەکلارێن یان مێرسیدس زۆر بەهێز بوو.
ڤێرشتاپن خۆشحاڵە
ڤێرشتاپن لە ڕاگەیەندراوێکدا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند: «ئەم تیمە ماڵی دووەمی منە و خۆشحاڵم بە بەردەوامبوونی ئەم ڕێگەیە تا بەیەکەوە بگەڕێینەوە لووتکە».
لەلایەن خۆشییەوە، لۆران میکیس، سەرۆکی تیمی ڕێدبوڵ، ستایشی ورە و ئیرادەی ڤێرشتاپنی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ئەم هاوبەشییە لەسەر بنەمای متمانەیەکی ئەوتۆ بنیاد نراوە کە ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ تۆمارکردنی دەستکەوتی گەورەتر لە ئایندەدا.
1 کاتژمێر پێش ئێستا