پەیامێک لە کوڕەکەی ماملێ هونەرمەندی گەورەی کوردەوە
- خانمێک هەوادارانی ماملێی نیگەران کردووە
- وریا ماملێ داوا دەکات هەواداران لێی خۆش ببن
لە بڵاوکراوەیەکی نوێیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، وریا ماملێ، کوڕی ماملێی هونەرمەند، لەبارەی پێشهاتێکەوە دەنووسێت:
"بەداخەوە لە دوێنێ شەوەوە کچە لاوێکی کورد، لە ڕووی نەزانی و تەمەنی لاوییەوە، هەندێک لێدوانی داوە کە بووەتە هۆی ئازاردانی دڵی هەوادارانی هونەری کوردی و ماملێی نەمر، ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکاندا کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە."
هەڕەشەیەکی زۆر لەو کچە کراوە، تەنانەت کار گەیشتووەتە ئەوەی پۆلیسی ئێران دەستبەسەری بکات
وریا ماملێ
دەشنووسێت: "پێویستە هەموومان وەک هەڵەیەکی کاتیی گەنجێکی بێئەزموون سەیری ئەم بابەتە بکەین و لەوە زیاتر گەورەی نەکەینەوە... دەبێت دڵمان گەورە بێت؛ وەک چۆن لە سەردەمی خۆیدا کۆمەڵێک بوختان و درۆیان بۆ ماملێ دروست دەکرد... بەڵام کاردانەوەی ماملێ تەنیا بزەیەکی سەر لێوان و بەردەوامبوون بوو لەسەر ڕێبازە هونەرییەکەی، دڵنیام ئەگەر ئێستاش خۆی لە ژیاندا مابا، بە هەمان ڕوانگەی بەخشندەییەوە سەیری ئەم ڕووداوەی دەکرد."
زیاتر گوشار نەخەنە سەر ئەو کچە و بنەماڵە بێتاوانەکەی، وەک ماملێ بە دڵێکی فرەوانەوە بیبوورن
وریا ماملێ
چی ڕوویداوە؟
سەیران عەرەبی بلۆگەر لە گرتە ڤیدیۆیەكیدا لە هەژماری ئینستاگرامی تایبەتی خۆی، بە شێوازێكی "گاڵتەجاڕانە" باسی لە شێوازی گۆرانیگوتنی ماملێی كردبوو و ئەمەش نیگەرانیی هەوادارانی ماملێی لێ کەوتەوە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا