حەیدەر عەبوودى: بڕیار بۆ لابردنى سفرەکانی سەر دینار نەدراوە

رێبوار حەمەوەیس 2 کاتژمێر پێش ئێستا
حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق
حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق

پووختەی هەواڵەکە

  • لابردنی سفرەکانی سەر دینار و چاپکردنی دراوی نوێ بووەتەوە بابەتی گفتوگۆی پەرلەمانتاران و شارەزایانی ئابووری.
  • حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی کردارییان بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی لابردنی سفرەکان نەداوە.
  • پڕۆسەی گۆڕینی دراو بەگوێرەی ڕوونکردنەوەی لیژنەی دارایی سێ بۆ حەوت ساڵ دەخایەنێت و بەهای دراو ناگۆڕێت.

بەگوێرەی زانیارییەک، کە بە کەناڵ8 گەیشتووە، ڕێبوار کەریم مەحمود، ئەندامی لیژنەی دارایی ڕایگەیاندووە بۆچوونی حکومەت وایە سفرەکانی سەر دینار لاببرێن و دراوی نوێ چاپبکرێت، بەڵام حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، حکومەت و بانکی ناوەندیی عێراق تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکیان بۆ لابردنی سفرەکانی سەر دینار نەداوە.


ئامانجەکانی لابردنی سفرەکان و دەسەڵاتی بڕیاردان

  • چاپکردنی دراو لە دەسەڵاتی بانکی ناوەندییە، بەڵام لابردنی سفری دراوەکان پێویستی بە پڕۆژەیاسا و ڕەزامەندی ئەنجوومەنی نوێنەرانە.
  • دراوی عێراق بەم ژمارە زۆرەی سفرەوە بۆ مامەڵەی بازرگانی ئاڵۆزە و هەڵە دروستدەکات.
  • ئامانجی سەرەکی دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ئەو 8 بۆ 10 ترلیۆن دینارەیە کە دیارنەماوە.
  • لابردنی سفرەکان گۆڕانکاری لە بەهای دراوەکەدا دروست ناكات و نرخەکان وەک خۆیان دەمێننەوە.

لێدوانی ئەندامانی لیژنەی دارایی و وردەکاریی چاپکردنی دراو

رێبوار کەریم مەحمود، ئەندامى لیژنەى دارایی بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، چاپکردنى دراو لە دەسەڵاتى بانکى ناوەندییە، بەڵام لابردنى سفری دراوەکان پێویستى بە پڕۆژەیاسا و ڕەزامەندى ئەنجوومەنى نوێنەرانە. ئامانجى سەرەکی بۆ لابردنی سفرەکانی سەر دینار، دۆزینەوە و گەڕاندنەوەى ئەو بڕە پارە زۆرەیە کە لە ئێستادا دیارنەماوە و بڕەکەى لە نێوان 8 بۆ 10 ترلیۆن دیناردایە. لابردنى سفری سەر دراوەکان، گۆڕانکارى لە بەهاى دراوەکەدا دروست ناکات و هەر کاڵایەک بە هەرچەند بووبێت دواى لابردنى سێ سفرەکە بەهەمان ئەو نرخە دەبێت، واتە ئەگەر کاڵایەک بە 25 هەزار دینار بووبێت دواى لابردنى سفرەکان دەبێتە 25 دینار.

ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی ڕایگەیاندووە گۆڕینی دراو لە دەسەڵاتی بانکی ناوەندییە بەگوێرەی ماددەکانی (16، 32) لە یاسای بانکی ناوەندی ژمارە 82ی ساڵی 2017ی هەموارکراو و لە ساڵی 2012ەوە هەوڵەکە هەیە و نموونەکانی ئامادەن، بڕی دراوە چاپکراوەکانیش 7 ملیار و نیوە بە هەموو جۆرەکانییەوە کە تێچووەکەی 250 ملیۆن دۆلارە و چوار وڵاتی (ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ئوسترالیا، بەریتانیا) بۆ چاپکردنی دیاریکراون.

هاوکات دیلان غەفوور ئەندامی لیژنەی دارایی بە کەناڵ8ی ڕاگەیاند لە کۆبوونەوە لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی باسی پڕۆژەیاسای لابردنی سفرەکان کراوە و عێراق دوو پڕۆژەی هەیە کە یەکێکیان بۆ لابردنی سفرەکانە و پێویستی بە یاسایە، لەگەڵ پڕۆژەیەک بۆ چاپکردنی دراوی نوێ.

زانیاری زیاتر لەسەر بابەتەکە

مستەفا سەنەد، وەزیری پەیوەندییەکان بابەتی لابردنی سفرەکانی سەر دراوی کردە ڕۆژەڤ، بەڵام حەیدەر عەبوودی گوتەبێژی حکومەتی عێراق دووپاتیکردووەتەوە تاوەکو ئێستا لەناو ئەنجوومەنی وەزیران و بانکی ناوەندی بڕیار لەوبارەیەوە نەدراوە، دوێنێش لیژنەی دارایی میوانداری نزار ناسڕ حسین، پارێزگاری بانکی ناوەندی کرد و بابەتەکەیان تاوتوێ کرد، لە کاتێکدا قەبارەی نەختینە زیاتر لە 113 ترلیۆن دینارە و 94%ی پارەکە لەلای هاووڵاتییانە و تەنیا نزیکەی 8 ترلیۆن دیناری لە بانکەکاندایە.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

پڕۆژەی لابردنی سێ سفرەکەی سەر دراوی عێراق دەچێتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

بانکی ناوەندیی عێراق: هیچ نیازێکمان بۆ گۆڕینی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو نییە

رێبوار حەمەوەیس

2 کاتژمێر پێش ئێستا