شاعیرانی کورد لە ستایشی محەممەد پێغەمبەر (د.خ)

حەسەن فەلاح 2 کاتژمێر پێش ئێستا

لە چوارچێوەی ستایش و خۆشەویستی و ڕێزگرتندا، شیعری کوردی، خاوەن پێگەیەکی باڵایە بۆ محەممەد پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)، دیارترین شاعیران هۆنراوە و شیعریان بۆ گەورەیی ئەم کەسایەتییە نووسیوە.


لە دیارترین ئەو شاعیرانە:

  • مەولانا خالیدی نەقشبەندی
  • نالی
  • مەحوی
  • مەولەوی
  • پیرەمێرد

حەزرەتی نالی، لە وەسفی گەورەیی، بوون و بەراوردکارییدا بۆ پێغەمبەر (د.خ)، لە شیعری (ئەی ساکینی ڕیازی مەدینەی مونەووەرە) دەنووسێت:

تەشبیهی حوسنی فائیقی، ئاخر، بە چی بکەم!

نووری سونووحی تەلعەتی سەد لەوحی ئەنوەرە

لێرەدایە کە نالی، پێگەی جوانیی پێغەمبەر دەباتە ئاستی باڵایی و لە هەموو پەیامبەرەکانی دیکە بەرزتری دادەنێت


لە چوارچێوەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ)، پیرەمێردی شاعیر ئاوڕێکی مێژووییانە لە سەرەتای یەکتاپەرستی دەداتەوە و ناوی کوردستان دەخاتە چوارچێوەی دێڕێکی ستایشەوە و دەنووسێت:

تۆ نەبوویتایە بە ئاگری نەمروود

نەسڵی ئیبراهیم نەدەبوو مەوجوود

ئەو ئیبراهیمەی تۆ نەوەی ئەوی

لە کوردستاندا دەرکەوت برەوی


لەبارەی خۆشەویستیی حەزرەتی مەولەوی بۆ پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)، پ. حسێن حەسەن، شارەزا لە ئەدەبی مەولەوی دەڵێت، "جێگەی سەرسوڕمانە، کەسێک لە تاوەگۆز و سەرشاتە گەورە بووبێت، لە سەردەمێکی دوور لە شارستانییەت و زمانێکی وەکو عەرەبی، لەوپەڕی هەژاری و نەبوونییدا، گەیشتووە بەوپەڕی دۆخی دەوڵەمەندیی ڕۆحیی لەبارەی ئایین، خودا و پێغەمبەر."

لە کتێبی عەقیدەی مەرزیە، لە شیعری "مبحث الٲنبیاء والرسل علیهم السلام" دەنووسێت:

ئەو سەخاوەتە و ئەو فوتووەتە،

ئەو شەجاعەتە و ئەو مورووەتە

ئەو سەباتە و ئەو ئیستیقامەتە

ئەو بەقای ئاسار تا قیامەتە

حەسەن فەلاح

2 کاتژمێر پێش ئێستا