یاریزانانی ئەتلەتیکۆ مەدرید دەیانەوێت ئەلڤارێز یانەکە جێبهێڵێت

مەبەست عەدنان 8 خولەک پێش ئێستا

پوختەی هەواڵ:

  • گرژییەکان لەنێو ژووری جلگۆڕینی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە هەڵکشاندایە.
  • یاریزانەکانی ئاتلێتیکۆ پێیان وایە رۆیشتنی ئەلڤارێز لە بەرژەوەندیی ئارامیی تیپەکەدایە.
  • یانەکانی بارسێلۆنا و ئارسیناڵ بە وردی چاودێریی بارودۆخەکە دەکەن.

زۆرێک لە یاریزانانی یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، بەلایانەوە باشترە جولیان ئەلڤارێزی هێرشبەری ئەرجەنتینی ریزەکانی یانەکە جێبهێڵێت، ئەمەش لە کاتێکدایە گرژییەکانی ناو ژووری جلگۆڕینی یانە مەدریدییەکە رووی لە زیادبوون کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرنامەی بەناوبانگی ئێل چیرینگیتۆـی ئیسپانی کە پێگەی تریبیونای ئینگلیزیش بڵاویکردووەتەوە، گرژییە ناوخۆییەکانی یانەکە دوای ئەوە زیاتر بووە کە لە یارییەکەیان بەرامبەر ڤیاریال بە یەکسانبوون کۆتایی هات، بەشێک لە هاندەرانی ئەتلەتیکۆ لەنێو یاریگەی میترۆپۆلیتانۆ فیکەیان لە هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە کردووە و رەخنەیان لێگرتووە.

هاوڕێکانی ئەلڤارێز لە تیپەکەدا هەست بەوە دەکەن، ئەم دۆخەی ئێستا کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاستی یاریزانەکە لەنێو یاریگەدا دروستکردووە و وەک پێویست سەرنجی لەسەر یاریکردنی نەماوە، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن یاریزانانی تیپەکە هاوڕان لەسەر ئەوەی فرۆشتنی ئەم ئەستێرەیە بۆ هاوسەنگی و ئارامیی تیپەکە باشتر دەبێت، لەوەی بەرگەی ئەم دۆخە نەخوازراو و ناسەقامگیرەی ئێستا بگرن.

لەلایەکی دیکەوە، یانەی بەرشلۆنە بە پشوودرێژییەوە چاودێریی پێشهاتەکان دەکات و چاوەڕێیە بزانێت ئایا ئەم گوشارە ناوخۆییە تا چەند ئەتلەتیکۆ مەدرید ناچار دەکات هەڵوێستی توندی خۆی لەبارەی گواستنەوەکانەوە بگۆڕێت، لە هەمان کاتیشدا دەنگۆی ئەوە هەیە کە یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزیش ئارەزووی گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەکات بۆ ریزەکانی.

مەبەست عەدنان

8 خولەک پێش ئێستا