بەرشلۆنە جێگرەوەی ئەلڤارێزی دۆزییەوە

مەستان حوسامەدین 44 خولەک پێش ئێستا

پوختەی هەواڵ:

  • ئەلڤارێز پەیوەندی ناکات بە بەرشلۆنەوە
  • ئەتلەتیکۆ هەموو دەرگاکانی بەڕووی بەرشلۆنە داخست
  • بەرشلۆنە ناچارە هێرشبەرێکی دیکە بگوازێتەوە
  • بەرشلۆنە لەگەڵ گابریێل خیسۆس ڕێککەوتووە

کەیسی ئەلڤارێز گەیشتە بە چی؟

بابەتی ئاڵۆزی مێرکاتۆی هاوینە جولیان ئەلڤارێز و بەرشلۆنەیە، کە ڕیکۆردی شکاندووە بەوەی زۆرترین کات بووەتە مانشێتی میدیاکانی جیهان، ڕۆژ ڕۆژ دوای ڕۆژیش هەواڵی نوێ و دەنگۆی سەیر و سەمەرە لەسەر ئەم کەیسە بڵاودەبێتەوە.
دوای ئەوەی کە ئەتلەتیکۆ سەرجەم دەرگاکانی پەیوەندیکردنی ئەلڤارێزی بە بەرشلۆنەوە داخست، هاوکات ئەو یاریزانە یاخیبوونی خۆی ڕاگەیاندووە، باس لەوەش دەکرێت کە دوو یانەی وەکو مان سیتی و ئارسیناڵ لەسەر هێڵن تاوەکو بیگوازنەوە.
هەر زوو پێگەی لاسێری ئیسپانی وتی کە ئەلڤارێز مان سیتی ڕەتکردووەتەوە و نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئەوێ کە پێشتر خۆی لەوێ یاریی کردووە، سەبارەت بە ئارسیناڵیش هەر ئەمرۆ دەیڤید ئۆرنشتاینی ڕۆژنامەوان لە تۆڕی ئەتلەتیک گوتی، پەیوەندیکردنی ئەلڤارێز بە ئارسیناڵەوە ئەگەرێکی زۆر زۆر لاوازە و ڕوونادات.
چونکە ئەلڤارێز هەموو ئەم شەڕ و یاخیبوونەی تەنیا بۆ بەرشلۆنەیە نەک یانەی دیکە، هەر ئەو ڕۆژنامەوانە وتیشی، ئەگەری هەیە لە داهاتوودا بارودۆخەکە گۆڕانکاریی بەسەردا بیت، چونکە جولیان ئەلڤارێز لە ڕووی دەروونییەوە بارودۆخی باش نییە و ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی درووستەکات، بەتایبەت کە ئێستا تووشی خەمۆکی و سترێس بووە.


ئێستا بارودۆخەکە گەیشتووەتە چ ئەنجامێک؟


سکای سپۆرت دەڵێت، ئەتلەتیکۆ مەدرید تاوەکو یەکشەممەی داهاتوو مۆڵەتی داوەتە ئەلڤارێز تاوەکو خۆی یەکلایی بکاتەوە بەڵام تەنیا بۆ ئارسیناڵ نەک بەرشلۆنە، واتا جولیان بۆی هەیە بڵێت ئەمەوێت بڕۆم بەڵام بۆ ئارسیناڵ، نەک بەرشلۆنە، بەرشلۆنە هێڵی سوورە.
مادەم ئەلڤارێز ئارسینالی ناوێ، مان سیتیشی ناوێ، کەواتە لە ئەتلەتیکۆ دەمێنێتەوە و ناچارە بارودۆخەکە وەکو خۆی قبوڵ بکات، بەتایبەت بەرشلۆنە ئەمڕۆ لەگەڵ ئارسیناڵ بۆ گواستنەوەی گابریێل خیسۆس رێککەوتووە و فابریزیۆ ڕۆمانۆش زانیارییەکانی پشتڕاستکردەوە.

مەستان حوسامەدین

44 خولەک پێش ئێستا