مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕاگەێنراوێکى بەبۆنەى 31ـى ئاب بڵاوکردەوە

جەبار حسین 1 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لۆگۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

پووختەی هەواڵەکە:

  • مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: دوای شەش ساڵ لە ڕاپەڕین و ئازادی شارى هەولێر داگیر کرایەوە
  • مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: خیانەتى 31یی ئاب بووە مایەی قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی کورد
  • مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: جەخت دەکەینەوە لەسەر چارەسەری یەکجارەکیی ناکۆکییە ناوخۆییەکان
  • مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: کوردستان پێویستی بە پێکهێنانی حکومەتێکی هاوسەنگ و بەرپرسیار هەیە

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەێنراوێکى بەبۆنەى ساڵیادی 31ـى ئابی 1996 بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لەپێناو ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانیدا، کوردستان پێویستی بە پێکهێنانی حکومەتێکی هاوسەنگ و بەرپرسیار هەیە کە بە یەکڕیزی و شەراکەت و خزمەتی دادپەروەرانە، قەرەبووی ناخۆشییەکانی ڕابردوو بکاتەوە.



تێپەڕبوونی سێ دەیە بەسەر کارەساتی 31ـی ئاب

  • سێ دەیە بەسەر کارەساتی 31ـی ئاب تێپەڕ دەبێت، کاتێک شاری هەولێری پایتەختی کوردستان لەلایەن سوپای ڕژێمی بەعسەوە داگیر کرایەوە.
  • کارەساتی 31ـی ئاب بۆ پشتیوانیی پارتی دیموکراتی کوردستان و دوای شەش ساڵ لە ڕاپەڕین و ئازادی بووە.
  • بەداخەوە ئەو خیانەتە گەورەیە بووە مایەی قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی کورد و شەهید بوونی ژمارەیەکی زۆری ڕۆڵەکانی گەلەکەمان.
  • لە بیرەوەریی ئەم کارەساتە نەتەوەییەدا، وێڕای خەم و پەژارەی قووڵی نیشتمانی، یەکێتی تەئکید دەکاتەوە لەسەر چارەسەری یەکجارەکیی ناکۆکییە ناوخۆییەکان.


ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەمڕۆ سێ دەیە بەسەر کارەساتی 31ـی ئاب تێپەڕ دەبێت، کاتێک شاری هەولێری پایتەختی کوردستان لەلایەن سوپای ڕژێمی بەعسەوە، بۆ پشتیوانیی پارتی دیموکراتی کوردستان و دوای شەش ساڵ لە ڕاپەڕین و ئازادی، داگیر کرایەوە.

خیانەتەکە بووە مایەی قوڵبوونەوەی ناکۆییەکانی کورد


دەشڵێت: بەداخەوە ئەو خیانەتە گەورەیە بووە مایەی قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی کورد و شەهید بوونی ژمارەیەکی زۆری ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە پێشمەرگە و فەرماندە و کادرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و بێسەروشوێنکردنی ژمارەیەکی زۆری تێکۆشەرانی یەکێتی کە تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ


لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە لەپێناو بەرپرسیارێتییە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی و لە چوارچێوەی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال کە ڕایسپاردوون لەبەر خاتری گەلەکەمان و ئایندەی کوردستان لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە، ناسۆرەکانی ڕابردووی بە هەڵسەنگاندنی مێژوو و حوکمە عادیلانەکەی سپارد، کە ئەمەش دەورانێکی ئاوەدانی و سەقامگیری و پێکەوەیی بەدوای خۆیدا هێنا.
 

جەختکردنەوە لە چارەسەری یەکجاریی ناکۆییە ناوخۆییەکان


ڕاشیگەیاندووە، لە بیرەوەریی ئەم کارەساتە نەتەوەییەدا، وێڕای خەم و پەژارەی قووڵی نیشتمانی، یەکێتی تەئکید دەکاتەوە لەسەر چارەسەری یەکجارەکیی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی کە بوونە هۆی بژاردەی خراپی پەنابردن بۆ هێزی نەیاران.


 هەرێمی کوردستان پێویستی بە پێکهێنانی حکومەتێکی هاوسەنگە


دەشڵێت: ئەمڕۆش لەپێناو ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانیدا، کوردستان پێویستی بە پێکهێنانی حکومەتێکی هاوسەنگ و بەرپرسیار هەیە کە بە یەکڕیزی و شەراکەت و خزمەتی دادپەروەرانە، قەرەبووی ناخۆشییەکانی رابردوو بکاتەوە، تاوەکو هەرێمێکی پتەو و سەقامگیر دەرەقەتی ئەرک و ئەگەرەکانی داهاتووی عێراق و ناوچەکە بێت.

جەبار حسین

1 کاتژمێر پێش ئێستا