جۆکۆڤیچ ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتیی کراوەی ئەمریکا کرد
پوختەی هەواڵ
- نۆڤاک جۆکۆڤیچ لە گەڕی یەکەمی پاڵەوانێتیی کراوەی ئەمریکا بەرامبەر بە ناڤۆنی شکستی هێنا.
- ڕووبەڕووبوونەوەکە لە پێنج کۆمەڵە پێکهاتبوو و چوار کاتژمێر و 36 خولەکی خایاند.
- ئەم شکستە لە ساڵی 2006ەوە خێراترین ماڵئاوایی جۆکۆڤیچە لە پاڵەوانێتییە گەورەکاندا.
- جۆکۆڤیچ لە یارییەکەدا جگە لە 70 هەڵەی جۆراوجۆر، بەدەست ئازاری پشت و گرژبوونی ماسولکەوە دەیناڵاند.
نۆڤاک جۆکۆڤیچ بەهۆی ئازاری جەستەیی و زنجیرەیەک هەڵەوە نەیتوانی ماریانۆ ناڤۆنیی ئەرجەنتینی تێپەڕێنێت. یاریزانە 39 ساڵەکە ئێوارەی یەکشەممە لە گەڕی یەکەمی پاڵەوانێتیی کراوەی ئەمریکا بە ئەنجامی 7-6 (5)، 5-7، 4-6، 6-2، 6-1 شکستی هێنا، یارییەکەش چوار کاتژمێر و 36 خولەکی خایاند.
جۆکۆڤیچ 70 هەڵەی هونەریی کرد و گوتی: «هەوڵ دەدەم تێبگەم چی ڕوو دەدات و تاوەکوو کوێ دەتوانم بەم شێوازە بەردەوام ببم.»
ئەم شکستە نوێیەی «نۆلیتۆ» خێراترین ماڵئاوایی یاریزانەکەیە لە پاڵەوانێتییە گەورەکان (گراند سلام) لە 20 ساڵی ڕابردوودا. جۆکۆڤیچ خاوەنی 24 نازناوی گەورەیە، بەڵام بەهۆی هەڵکشانی تەمەن و لاوازیی بارودۆخی جەستەیییەوە لە یارییەکەدا ڕشایەوە و بەدەست گرژبوونی ماسولکە و ئازاری پشتییەوە دەیناڵاند؛ سەرەڕای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و دەرمان، بەڵام نەیتوانی ئاستێکی باش و شایستە بە ناوبانگەکەی پێشکەش بکات.
1 کاتژمێر پێش ئێستا