ئەلڤارێز ئارسیناڵ ڕەتدەکاتەوە و چاوی لە بەرشلۆنەیە

مەبەست عەدنان 2 کاتژمێر پێش ئێستا

جولیان ئەلڤارێز، یاریزانی نێودەوڵەتیی ئەرجەنتین، لە دوا ساتەکانی داخرانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا بە فەرمی پێشنیازێکی یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی ڕەتکردەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەلێکس سێلڤێستری، ڕۆژنامەنووسی دیاری بەرنامەی چیرنگیتۆی ئیسپانیا، هێرشبەرەکەی ئەتلەتیکۆ مەدرید بڕیاری کۆتایی خۆی ڕاستەوخۆ بە بەرپرسانی یانە لەندەنییەکە ڕاگەیاندووە و ڕەتی کردووەتەوە لەم کاتەدا بگەڕێتەوە بۆ خولی ئینگلیزی.

میکێل ئارتێتای ڕاهێنەری ئارسناڵ خوازیارێکی زۆری یاریزانەکە بوو تاوەکو هێڵی پێشەوەی یانەکەی بەهێزتر بکات، بەڵام ئەلڤارێز کە هاوینی ڕابردوو لە مانچێستەر سیتییەوە ڕووی لە ئەتلەتیکۆ مەدرید کرد، بەردەوامیدانی بە کاروانی وەرزشی لە ئیسپانیا هەڵبژاردووە و لە ئێستادا ئامانجی سەرەکی بەدیهێنانی خەونی پەیوەندیکردنیەتی بە یانەی بەرشلۆنە.

بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان کۆتا ڕۆژی بەڕێدەکات و ئەتلەتیکۆ مەدرید لە سەرەتای مێرکاتۆوە ڕەتیکردووەتەوە ئەلڤارێز بە بەرشلۆنە بفرۆشێت، لەبەرئەوە یاریزانە ئەرجەنتینییەکە چارەنووسی نادیارە و ئەگەر بەوشێوەیە بەردەوام بێت ناچارە ئەم وەرزەش لە ئەتلەتیکۆ بمێنێتەوە.

مەبەست عەدنان

2 کاتژمێر پێش ئێستا