هەموو جیهان سوپاسی مێسی دەکەن
گەرچی هەموو جیهان دەیزانی ئەمساڵ دوایین بەشدارییکردنی لیۆ میسی بوو لەگەڵ ئەرجەنتین، بەڵام کاتێک لە زاری خۆی بڵاویکردەوە کە ماڵئاوایی دەکات لە یارییە نێودەوڵەتییەکان، هەموو جیهانی هەژاند.
چیرۆکی مێسی
مێسی لە 24ـی حوزەیرانی 1987 لە شاری ڕۆزاریۆ لە ئەرجەنتین لە خێزانێکی هەژار لەدایکبووە، لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە خولیای تۆپی پێی هەبوو، لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە لە یانە ناوخۆییەکان دەستی بە یاریکردن کرد و دواتر چووە ڕیزی تیمی لاوانی یانەی "نیوێڵز ئۆڵد بۆیز".
کاتێک تەمەنی گەیشتە 11 ساڵ، پزیشکەکان کێشەیەکی تەندروستییان تێدا دۆزییەوە کە کەمیی هۆرمۆنی گەشە بوو. ئەمەش واتای وابوو کە مێسی بە سروشتی گەشە ناکات و باڵای کورت دەمێنێتەوە، بەتایبەت ئەگەر چارەسەر و دەرزی تایبەت وەرنەگرێت، تێچووی چارەسەرەکە مانگانە نزیکەی 900 دۆلار بوو، کە خێزانەکەی و یانەکەی توانای دابینکردنییان نەبوو.
بەرشلۆنە بەڵێنی دا
لە کاتێکدا کە هیوای خێزانەکەی بەرەو نەمان دەچوو، بەهرە بێهاوتایەکەی مێسی سەرنجی دۆزەرەوەی بەهرەکانی یانەی بەرشلۆنەی ڕاکێشا، لە تەمەنی 13 ساڵیدا، مێسی تاقیکردنەوەی لە یانەی بەرشلۆنە ئەنجامدا، بەڕێوەبەری وەرزشی ئەو کاتەی بەرشللۆنە، کارلۆس ڕێکساش، هێندە سەرسام بوو بە بەهرەکەی، کە خێرا لەسەر کلێنێکسێک (دەستەسڕ ) یەکەم گرێبەستی لەگەڵ مێسی واژۆ کرد.
بەرشلۆنە بەڵێنی دا کە تەواوی تێچووی چارەسەرە پزیشکییەکانی مێسی بگرێتە ئەستۆ، بەو مەرجەی مێسی و خێزانەکەی کۆچ بکەن بۆ ئیسپانیا و مێسی بچێتە ئەکادیمیای بەناوبانگی "لاماسیا".
مێسی بە خێرایی لە تیمی لاوانەوە سەرکەوت بۆ تیمی یەکەم، لە ساڵی 2004، لە تەمەنی 17 ساڵیدا، یەکەم یاری فەرمی خۆی بۆ بەرشلۆنە ئەنجامدا. لێرەوە سەردەمێکی نوێ لە مێژووی تۆپی پێدا دەستی پێکرد.
نازناوەکانی لەگەڵ بەرشلۆنە کەم نەبوون، مێسی بۆ ماوەی زیاتر لە 16 ساڵ لە تیمی یەکەمی بەرشلۆنە مایەوە، لەم ماوەیەدا 35نازناوی جۆراوجۆری بردەوە، لەوانە (10 خولی ئیسپانی و 4 خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا).
دابڕانی لە بەرشلۆنە
لە هاوینی 2021ـدا، بەهۆی کێشە داراییەکانی یانەی بەرشلۆنە و یاساکانی خولی ئیسپانی، مێسی بە ناچاری و بە گریانەوە یانەی تەمەنی جێهێشت و ڕووی کردە یانەی پاریس سان جێرمان (PSG)ی فەرەنسی، کە لەوێشدا دوو ساڵ مایەوە و دوو نازناوی خولی فەرەنسی بردەوە.
تەنیا نازناو کە ون بوو
لە هاوینی 2022، نازناوی مۆندیالی لەگەڵ ئەرجەنتین بردەوە، کە تاکە نازناو بوو لە کاروانی وەرزشی خۆیدا ون بوو، هەر ئەوەش وایکرد ڕیکۆرد بشکێنێت و هەشتەم باڵۆندۆر بباتەوە.
دواتر لە ساڵی 2023ـدا، بڕیارێکی جیاوازی دا و پەیوەندی کرد بە یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکییەوە، بۆ ئەوەی لە ژینگەیەکی کەمتر فشاردا بەردەوام بێت لە چێژوەرگرتن لە تۆپی پێ.
ئێستا جیهان سوپاسی مێسی دەکەن بۆ ئەو خزمەت و چێژەی بە تۆپی پێی بەخشی، کە جارێکی دیکە هاوشێوەی وەکو ئەو دووبارە نابێتەوە.

2 کاتژمێر پێش ئێستا