بەرشلۆنە گواستنەوەی گابریێل جیسۆسی بەڕازیلی ڕاگەیاند
پوختەی هەواڵ:
- بەرشلۆنە بە شێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی گابریێل جیسۆسی لە ئارسیناڵەوە تاوەکو ساڵی 2029 ڕاگەیاند.
- تێچووی گرێبەستی ئەم هێرشبەرە بەڕازیلییە بە نزیکەی 10 ملیۆن یۆرۆ مەزەندە دەکرێت.
- یانە کەتەلۆنییەکە دوای شکستهێنانی لە گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز پەنای بۆ هێنانی جیسۆس برد.
- جیسۆسی تەمەن 29 ساڵ بۆ پڕکردنەوەی شوێنی ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسکی و فێران تۆرێس هێنراوە.
یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی بە شێوەیەکی فەرمی ڕایگەیاند، گرێبەستی لەگەڵ گابریێل جیسۆسی هێرشبەری بەڕازیلی لە یانەی ئارسیناڵەوە تاوەکو ساڵی 2029 واژۆ کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی نەیانتوانی جولیان ئەلڤارێزی ئەرجەنتینی لە ئەتلەتیکۆ مەدریدەوە بگوازنەوە بۆ ڕیزەکانیان.
یانە کەتەلۆنییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا نووسیویەتی: «بەرشلۆنە و ئارسیناڵ گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر گواستنەوەی گابریێل جیسۆس.»
میدیا ئیسپانییەکانیش ئاماژەیان بەوە داوە کە نرخی ڕێککەوتنەکە نزیکەی 10 ملیۆن یۆرۆ (11.5 ملیۆن دۆلار) بووە.
جیسۆس بۆ جێگەی لیڤاندۆڤسکی
جیسۆسی تەمەن 29 ساڵ بۆ بەهێزکردنی هێڵی هێرشبردنی بەرشلۆنە گرێبەستی لەگەڵدا کراوە، لە داهاتووشدا ئەو کەلێنە پڕ دەکاتەوە کە بەهۆی ڕۆیشتنی ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسکی و فێران تۆرێسەوە دروست بووە.
یانەی بەرشلۆنە کە پاڵەوانی لالیگای ئیسپانیایە تەواوی هاوین هەوڵی گواستنەوەی ئەلڤارێزی دا، بەڵام ئەتلەتیکۆ مەدرید ڕەتیکردەوە بچێتە ناو هیچ دانوستانێکەوە و دواجار ئەو گواستنەوەیە شکستی هێنا، لە بەرامبەردا و بەهۆی خواستی بەردەوامی هانسی فلیکی ڕاهێنەرەوە، ئیدارەی یانەکە توانییان لەگەڵ جیسۆس بگەنە ڕێککەوتنێک، بەو جۆرە یاریزانێکیان بە تێچوویەکی کەمتر و بۆ هەمان پێگە هێنایە ڕیزەکانییەوە.
54 خولەک پێش ئێستا