تسیتسیپاس: پێشتر ئاگادار بووم کیریۆس ماددەی هۆشبەری بەکاردەهێنا

نەورۆز عوسمان 52 خولەک پێش ئێستا

پوختەی هەواڵ:

  • ستیفانۆس تسیتسیپاس ڕایگەیاند کە پێشتر ئاگاداری بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بووە لەلایەن نیک کیریۆس.
  • تسیتسیپاس دوای سەرکەوتنی لە خولی یەکەمی پاڵەوانێتیی کراوەی ئەمریکا ئەم لێدوانانەی دا.
  • کیریۆس بەهۆی تاقیکردنەوەی ئەرێنی بۆ ماددەی کۆکاین لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو، ڕووبەڕووی ڕاگرتن دەبێتەوە تاوەکو چوار ساڵی دیکە.
  • پەیوەندیی نێوان هەردوو یاریزانەکە لەدوای پاڵەوانێتیی وێمبڵدۆنی ساڵی 2022 تێکچوو.

ستیفانۆس تسیتسیپاسی یاریزانی تێنسی سەرزەویی یۆنانی ڕایگەیاند، سەرسام نەبووە بە ڕاگرتنی نیک کیریۆسی ئوسترالی بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە، و ئاماژەی بەوەش دا کە پێش ئاشکرابوونی فەرمیی ئەم بابەتە ئاگادار بووە و زانیویەتی کیریۆسی ڕکابەری سەرقاڵی چییە.

تسیتسیپاس دوای سەرکەوتنی بەسەر ئارسەر فیسی فەرەنسی لە پاڵەوانێتیی کراوەی ئەمریکا گوتی: «لە ڕاستیدا پێشبینیم دەکرد، بەڵام سەرسام بووم لەوەی کاتێکی زۆری خایاند تاوەکو ئاشکرابوو.»

کیریۆس لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە ئیسپانیا پشکنینی بۆ کرا و ئەنجامی پشکنینەکانی ئەرێنی بوون و دەرکەوت ماددەی هۆشبەری کۆکاینی بەکارهێناوە، بەو هۆیەشەوە لەلایەن لیژنەکانی سزادانەوە ڕاگیرا و ڕووبەڕووی سزای دوورخستنەوە بۆ ماوەی 4 ساڵ دەبێتەوە.

کێشەی نێوانیان لەسەر چی بوو؟

تسیتسیپاس باسی لەوەش کردووە کە پێش بڵاوبوونەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زانیاریی تەواوی لەسەر بابەتەکە هەبووە.

گرژی و بەریەککەوتنی نێوان ئەم دوو یاریزانە بۆ یارییە پڕ لە ئاڵۆزییەکەیان لە پاڵەوانێتیی وێمبڵدۆنی ساڵی 2022 دەگەڕێتەوە.

کیریۆس لەلایەن خۆیەوە دان بە هەڵەکەیدا ناوە و ڕایگەیاندووە کە تووشی پێکان و بێهیوایی بووە بۆیە ئەم کارەی کردووە، بەڵام هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوە ناکاتە بیانوو و لە کۆتاییدا هەڵەیەکی گەورەی کردووە.

نەورۆز عوسمان

52 خولەک پێش ئێستا