گوتەبێژی ئاڕتی بانک: نەبوونی هۆشیاریی بانکی و چۆنێتیی بەکارهێنانی کارت گەورەترین کێشەکانمانن

کیژان مەحمود 44 خولەک پێش ئێستا

پووختەی هەواڵەکە:

  • گوتەبێژی ئاڕتی بانک:کێشەکان بەردەوامن چونکە هەژماری من تەواو نەبووە و زیادکردنی هەژمارەکان بەردەوامە.
  • کێشەکان زۆر زۆرن و چەند ساڵێکی دەوێت تاوەکو چارەسەر دەبێت
  • لە وێبسایتی بانکەکەیاندا بە نەخشە شوێنی ئەی تی ئێمەکان دانراوە و مووچەخۆران دەتوانن سوودی لێوەربگرن.

گوتەبێژی ئاڕتی بانک دەڵێت، ڕووبەرووی زۆر کێشە دەبنەوە کە لەپێش هەموویەوە نەبوونی هۆشیاریی بانکی و چۆنێتیی بەکارهێنانی کارت و ئەی تی ئێمەکانە، دەشڵێت، کێشەکان زۆرن وکاتیان دەوێت بۆ چارەسەربوونی.



ڕوونکردنەوە و سەرنجەکانی گوتەبێژی ئارتی بانگ

  • هێشتا پرۆژەی هەژماری من تەواو نەبووە، زیادکردنی هەژمارەکان بەردەوامە و کارت چاپکردن هەر بەردەوامە و تاوەکو چەند ساڵێکی بەسەردا تێنەپەڕێت.
  • ئاڕتی بانک بێبەری نییە لە کێشەکان و کێشەی هەیە، لەوانە نەبوونی هێڵی ئینتەرنێت.
  • کێشەیەکی دیکە ئەوەیە مووچەخۆر بەرلەوەی پارە بخرێتە سەر هەژمارەکەی دچێتە بەردەمی ئەی تێ ئێمەکان و بەدووبارەکردنەوەی زۆر کارتەکان قوت دەدرێن.
  • کارتەکان قۆناغ بە قۆناغ چاپدەکرێن و دەگەڕێنەوە هەژماری من و دواتر دەدرێتەوە بە خاوەنەکانیان.


ئیلیان سەڵاحەدین، گوتەبێژی بانکی بازرگانیی هەرێم ناسراو بە ئاڕ تی بانک لەمیانی بەشداریی لە بوڵتەنی کەناڵ8 باسی لەوەکرد، کێشەکان زۆر زۆرن و چەند ساڵێکی دەوێت تاوەکو چارەسەر دەبێت، چونکە وەکخۆی دەڵێت، هێشتا پرۆژەی هەژماری من تەواو نەبووە، زیادکردنی هەژمارەکان بەردەوامە و کارت چاپکردن هەر بەردەوامە و تاوەکو چەند ساڵێکی بەسەردا تێنەپەڕێت، کێشەکان تەواو نابن، ڕاشیگەیاند، ئاڕتی بانک بێبەری نییە لە کێشەکان و کێشەی هەیە، لەوانە نەبوونی هێڵی ئینتەرنێت.


دیارترین کێشەی مووچەخۆر لەسەر ئەی تی ئێمەکان


ڕوونیشیکردەوە، مووچەخۆر لەگەڵ ڕاگەیاندنی کاتی هاتنی مووچە، بێ ئەوەی پارە بخرێتەسەر هەژمارەکەی، دەچێتە ئەی تی ئێمەکان و ئەوەندە دووبارەی دەکاتەوە کارتەکان لەبەر پارێزراوی خۆیان قوت دەدرێت، دەشڵێت، ئەی تی ئێمەکان کەمن و فشاری زۆری لەسەرە، یاخود کەسانی کە شارەزاییان هەیە، وێنەی کارتی مووچەخۆر دەگرێت و پاسۆردی هەڵە لێدەدات فێڵ لە مووچەخۆران دەکات و کارتەکە بلۆک دەبێت.


داوایەک لە مووچەخۆران


ڕێنماییش دەدات، ئەگەر کەسێک پەلەی نەبێت لە وەرگرتنی مووچە، چەند ڕۆژێک چاوەڕێ بکات، ئەوکات مووچەکەی وەربگرێت و قەرەباڵغی لەبەردەم ئەی تی ئێمەکان دروستنەکات بۆ سەلامەتیی هەژمارەکەی.

 
تەواوکردنی کارتی بانکییەکان قۆناغ بە قۆناغ


ئەوەشی خستەڕوو، کارتەکان قۆناغ بە قۆناغ چاپدەکرێن و دەگەڕێنەوە هەژماری من و دواتر دەدرێتەوە بە خاوەنەکانیان، گوتیشی لەگەڵ زیادبوونی کارتەکانی هەژماری من، ئەی تی ئێمەکانیش زیاد دەکرێن، بەڵام ئەی تی ئێمەکانی ئاڕ تی بانک لە سلێمانی زیاترە بەوپێیەی ژمارەی بەکارهێنەرانی بانکەکە لە سلێمانی زیاترە و لە دەوری 300 ئەی تی ئێمدا دەبێت.


هۆشیارکردنەوەی مووچەخۆران و بەکارهێنەران لە ڕاگەیاندنەکانەوە


گوتەبێژی ئاڕتی بانک داوای هۆشیارکردنەوەی مووچەخۆران و بەکارهێنەران دەکات لەڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە، کە بەڕای ئەو گۆڕانکاری قورسە و کاتی دەوێت و دەشڵێت، هەرچەندە کێشەکان بەردەوام دەبن، بەڵام ئەوکات جۆری کێشەکان دەگۆڕێت.

گوتەبێژی ئاڕ تی بانک باسی لەوەشکرد، لە وێبسایتی بانکەکەیاندا بە نەخشە شوێنی ئەی تی ئێمەکان دانراوە و مووچەخۆران دەتوانن سوودی لێوەربگرن و فشار لەسەر چەند ئەی تی ئێمێک نەبێت.


داوایەکی ئارتی بانگ لە بانگی ناوەندیی عێراق


ئیلیان سەڵاحەدین ئاشکراشیکرد، لە بانکی ناوەندیی عێراق داواکراوە دوورترین شارۆچکە و گوندەکانیش سیستمی پی ئۆ ئێس بەکاربهێنن، بەگوێرەی پلانی بانکی ناوەندی کە پلانێکی پێنج ساڵەیە و دەبێت 2030 ئەو سیستمە پەیڕەو بکرێت و خەڵکی لەڕێگەی کارتەوە پارە بدات.

باسی لەوەشکرد، پێش دابەزینی مووچە بە هەژمارە بانکییەکاندا دەچنەوە و لیستی مووچەخۆران وەردەگرن، گوتیشی، خەڵکێکی زۆر دەیەوێت بچێتە ناو ئاڕ تی بانکەوە، چونکە لەژێر چاودێریی بانکی ناوەندی و لایەنی چاودێریی دیکەدان، بۆیە زۆرترین مووچەخۆریان لایە.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

کیژان مەحمود

44 خولەک پێش ئێستا