لاوتارۆ مارتینێز نهێنییەک ئاشکرا دەکات

مەبەست عەدنان 2 کاتژمێر پێش ئێستا

لاوتارۆ مارتینێز، هێرشبەر و کاپتنی یانەی ئینتەر میلانی ئیتالی ڕایگەیاند، کە پێشنیارێکی فەرمی لە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانیییەوە پێگەیشتووە و هەستی بە خۆشحاڵییەکی گەورە کردووە، بەڵام بڕیاری داوە لەگەڵ یانە ئیتاڵییەکە بەردەوام بێت، چونکە خۆی و خێزانەکەی لە شاری میلان هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی دەکەن.

یانەی بەرشەلۆنە دوای ئاڵۆزبوونی دانوستانەکانی گواستنەوەی خولیان ئەلڤارێز، هێرشبەری ئەتلەتیکۆ مەدرید، هەوڵی دابوو گرێبەست لەگەڵ لاوتارۆ واژۆ بکات، پێش ئەوەی لە کۆتاییدا بگاتە ڕێککەوتن بۆ گواستنەوەی گابریێل جێسۆسی هێرشبەری بەڕازیلی لە یانەی ئارسناڵەوە.

ڕۆژنامەی (Mundo Deportivo)ی ئیسپانی لە زاری لاوتارۆ مارتینێزەوە بڵاوی کردووەتەوە: "مایەی خۆشحاڵی و شانازییەکی گەورەیە کاتێک ئۆفەرت لە یانەیەکی وا گەورەوە پێدەگات، چونکە تۆ هەمیشە هەوڵ دەدەیت گەشە بکەیت و ساڵانە ئاستی خۆت بەرەوپێش ببەیت. کاتێک پەیوەندی یان داواکاری لە یانە گەورەکانەوە بەدەستت دەگات، هەمیشە بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لێ دەکەیت."

سەبارەت بە داهاتووی خۆیشی ڕوونی کردەوە: "لە جیهانی تۆپی پێدا هیچ شتێک مسۆگەر نەکراوە. تا ئەو کاتەی ئەوان منیان بوێت، لە ئینتەر دەمێنمەوە، بەڵام وەک هەمیشە دەڵێم، کە ئەمەش لە هەموو کارێکدا ڕوو دەدات، کاتێک ئاستت وەک ڕابردوو نەبێت، لە کۆتاییدا دەستبەردارت دەبن. بەڵام تاوەکو لێرە بم، سەرجەم توانای خۆم دەبەخشم، وەک چۆن لە سەرەتاوە کردوومە."

مەبەست عەدنان

2 کاتژمێر پێش ئێستا