بانکى ناوەندیی عێراق سەرپەرشتیارێکى نوێ بۆ بانکى تەیفى ئیسلامى دادەنێت
پووختەى هەواڵەکە
- بانکى ناوەندیی عێراق سەرپەرشتیارێکى نوێ بۆ بانکى تەیفى ئیسلامى دادەنێت.
- بانکى ناوەندیی عێراق: پێشێلکارى لە پارەى دانراوى بانک ئەنجامدراوە.
بەگوێرەى ئەوەى زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8، تیایدا لە ڕێگەى نووسراوەکەوە، کە واژۆى نزار ناسر، پارێزگارى بانکى ناوەندیی عێراقى لەسەرە، تیایدا هاتووە، بەهۆی سەلماندنى بوونی پێشێلکاری بەرچاو، کە کاریگەری لەسەر پارەی بانک و وەبەرهێنەران هەبووە، بڕیاردرا بە سەپاندنی سەرپەرشتیارێک بەسەر بانکی تەیفى ئیسلامی.
جێگرەوەى سەرپەرشتیارى بانکى تەیفى ئیسلامى
- عیماد محەممەد حەمەد، وەکو سەرپەرشتیارى بانکى تەیفى ئیسلامى بۆ ماوەی18 مانگ کارەکانی بانکەکە ڕایی دەکات.
- ئامانجى سەپاندنى ئەو سەرپەرشتیارەش بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی دارایی و دڵنیاییدانە لە پاراستنی ماف و پارەی خاوەن هەژمارەکان.
- بانکی تەیفی ئیسلامی: مافی بەشداربووان پارێزراوە و بانکەکە خاوەنی سەرمایە و موڵکی جێگیرە لە عێراق دا.
- نەبیل مەرسومی: سەپاندنی سەرپەرشتیار بەسەر بانکی تەیف لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە قەیرانی متمانەی نێوان هاوڵاتییان و سیستمی بانکیی قووڵتر کردووەتەوە.
- نەبیل مەرسومی: ئەم دۆخە هۆکارە بۆ ئەوەی نزیکەی100 ترلیۆن دینار، کە دەکاتە زیاتر لە 91%ـی کۆی دراوی چاپکراو، لە دەرەوەی سیستمی بانکی و لە دەستی هاوڵاتییاندا بمێنێتەوە.
زانیارییەکان لەسەر بانکى تەیفى ئیسلامى
ئەوە لە کاتێکدایە، بانکی تەیفی ئیسلامی، بانکێکی ئەهلیی عێراقییە لە بواری وەبەرهێنان و دارایی کار دەکات، لە سەرەتادا وەک کۆمپانیایەکی گواستنەوەی پارە دامەزراوە و لە ساڵی 2018ـەوە مۆڵەتی فەرمی بانکی وەرگرتووە.
بانکەکە لە ساڵی 2023ـدا لە لایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێنرا و بەو هۆیەوە مامەڵەکردنی بە دۆلاری ئەمریکی لێ قەدەغە کرا.
بنکەی سەرەکیی بانکەکە لە پارێزگاى بەغدادە و چەندین لقی لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان وەک هەولێر و سلێمانی هەیە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا