ئۆساکا سەرکەوت بۆ قۆناغی 16ی فلاشینگ میدۆز
پوختەی هەواڵ:
- ناومی ئۆساکا بە ئەنجامی دوو کۆمەڵە بەرامبەر بە کۆمەڵەیەک لە ئەیلیس مێرتنزی بردەوە و گەیشتە قۆناغی چوارەمی پاڵەوانێتیی کراوەی ئەمریکا.
- یاریزانە ژاپۆنییەکە ڕووبەڕووی ئازاری پاژنەی پێ بووەوە و داوای پشووی پزیشکی کرد.
- ئۆساکا داوای لێبوردنی لە بینەران و منداڵان کرد بەهۆی هەڵچوونی لە کاتی یارییەکەدا.
- لە قۆناغی 16دا ئۆساکا ڕووبەڕووی براوەی یاریی نێوان ئینێلا ڕیباکینا و یولیا ستارۆدوبتسێڤا دەبێتەوە.
ناومی ئۆساکای ژاپۆنی، هەڵگری چوار نازناوی گراند سلام، بە ئەنجامی 6 - 3، 3 - 6 و 7 - 5 لە ئەیلیس مێرتنزی بەلجیکی بردەوە و گەیشتە قۆناغی 16ی پاڵەوانێتیی فلاشینگ میدۆز.
ئۆساکا بە جلوبەرگ و شێوازێکی سەرنجڕاکێشەوە هاتە ناو یاریگا، بەڵام لە یارییەکەدا ڕووبەڕووی ئاڵۆزی بووەوە. یاریزانە 28 ساڵەکە لە سێتەکاندا ڕووبەڕووی ئازاری پاژنەی پێ بووەوە و داوای پشووی پزیشکی کرد بۆ وەرگرتنی چارەسەر و دەرمانی ئازارشکێن.
ئۆساکا دوای ئەوەی سێتی دووەمی دۆڕاند، تووشی هەڵچوون بوو و ئەوەش بووە هۆی نیگەرانیی ئامادەبووانی یارییەکە، بەڵام لە سێتی یەکلاکەرەوەدا گەڕایەوە و سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
دوای یارییەکە تێنسزانەکەی ژاپۆن داوای لێبوردنی کرد بۆ هەڵچوونەکەی لە بەرامبەر منداڵاندا و ڕایگەیاند بەهۆی فشاری دەروونییەوە ئەوە ڕوویداوە و بە هەموو توانایەوە هەوڵ دەدات ئەو ڕەفتارە دووبارە نەکاتەوە.
لە قۆناغی داهاتوودا، ئۆساکا ڕووبەڕووی براوەی یاریی نێوان ئینێلا ڕیباکینا یان یولیا ستارۆدوبتسێڤا دەبێتەوە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا