د. هەڵۆ مستەفا: مەترسیی دروستبوونی بەردی گورچیلە لە هاویناندا زیاترە
سەروەر سالار 2 کاتژمێر پێش ئێستا
د. هەڵۆ مستەفا ئۆرمزیار، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ، سەبارەت بە دروستبوونی بەردی گورچیلە، دەڵێت:
- لە هاویندا بەهۆی بەرزیی پلەی گەرما و ئارەقکردنەوەی زۆر، جەستە ڕێژەیەکی زۆر لە ئاو لەدەستدەدات، کاتێک ئاوی جەستە کەم دەبێتەوە، میزی کەسەکە چڕ دەبێتەوە و ڕەنگەکەی تۆختر دەبێت
- کاتێک ڕێژەی ئاو لە ناو میزدا کەم دەبێتەوە، پێکهاتە کانزاییەکانی وەکو (کالسیۆم، ئۆکسالات و ترشی یوریک) بە ئاسانی لە ناو گورچیلەدا کۆدەبنەوە و بە تێپەڕبوونی کات دەبنەهۆی دروستبوونی بەردی گورچیلە
- زیادبوونی ڤیتامین دی، بەرکەووتن بە تیشکی خۆری هاوین دەبێتەهۆی زیاتربوونی بەرهەمهێنانی ڤیتامین دی لە جەستەدا، ئەمەش هەڵمژینی کالسیۆم لە لایەن جەستەوە زیاد دەکات و ئەگەری ڕژانی بۆ ناو میز و دروستبوونی بەرد بەرز دەکاتەوە
نیشانە باوەکانی بوونی بەردی گورچیلە
- بوونی ئازاری توند و لەناکاوی کەمەر یان لایەکانی پشت
- سووتانەوە و ئازار لە کاتی میزکردندا
- گۆڕانی ڕەنگی میز بۆ تۆختر یان سوورباو (بوونی خوێن)
- دڵتێکەڵهاتن و ڕشانەوە
چۆن خۆت لە دروستبوونی بەردی گورچیلە دەپارێزیت؟
- ئاو زۆر بخورێتەوە: لە هاویندا ڕۆژانە ئاوی زۆر بخورێتەوە تاوەکو ڕەنگی میز بە بەردەوامی ڕوون بێت
- کەمکردنەوەی خواردنی خوێ: خواردنی خوێ لە ژەمەکاندا کەم بکرێتەوە، چونکە دەبێتەهۆی دەردانی کالسیۆمی زیاتر بۆ ناو میز
- ئاوی لیمۆ بخورێتەوە: لیمۆ دەوڵەمەندە بە پێکهاتەی "سیترات" کە ڕێگری لە دروستبوونی بەردی گورچیلە دەکات
- ئەگەر کەسەکە هەستی بە بوونی ئازاری کەمەر یان سووتانەوە لە کاتی میزکردندا کرد، سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت بۆ دڵنیابوونەوە، پێش ئەوەی بەردی گورچیلەکە گەورەتر ببێت و کەسەکە تووشی ئازاری توندتر بکات
زانیاریی زیاتر
بۆ دەستکەوتنی زانیاریی زیاتر دەتوانن سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکەن
سەروەر سالار
2 کاتژمێر پێش ئێستا