ئێمباپێ: لە مۆندیالدا مێژووم تۆمارکرد و شایستەی باڵۆندۆرم

مەبەست عەدنان 2 کاتژمێر پێش ئێستا

کیلیان ئێمباپێ، هێرشبەری یانەی ڕیاڵ مەدرید ڕایگەیاند، هاوینی ئەمساڵ لە جامی جیهانیی ٢٠٢٦دا مێژووی تۆمارکردووە و پێیوایە شایستەی بردنەوەی خەڵاتی باڵۆندۆرە، بەڵام جەختیشی کردەوە کە ڕێز لە هەموو بۆچوونە جیاوازەکان دەگرێت.

ئێمباپێ بە گەیشتنی بە 22 گۆڵ لە 22 یاریدا، بووە گۆڵکاری مێژوویی جامی جیهانی و بە گۆڵێک پێش لیۆنێل مێسی ئەفسانەی ئەرجەنتین کەوت، کە 21 گۆڵی لە 34 یاریدا تۆمارکردبوو و وازهێنانی خۆی لە یاریی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند، هێشتا دەرفەتی ئەوەش لەبەردەست ئێمباپێدایە لە داهاتوودا ژمارەی گۆڵەکانی لە مۆندیالدا زیاتر بکات.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا پێش یارییەکەی ڕیاڵ مەدرید بەرامبەر ئینتەر میلان لە خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا، ئەستێرە و کاپتنەکەی هەڵبژاردەی فەرەنسا گوتی: "کاتێک یاری بۆ ڕیاڵ مەدرید دەکەیت کە باشترین یانەی جیهانە، بەردەوام ناوت بەم خەڵاتانەوە دەبەسترێتەوە، کاتێک خەڵک لە شەقامدا دەمبینن، باسی لێوە دەکەن؛ ئەوە خەڵاتێکی زۆر گرنگە بۆ هەر یاریزانێک."

ئێمباپێ گوتیشی: "ئەم هاوینە لە گرنگترین پاڵەوانێتیدا مێژووم تۆمارکرد. هەست دەکەم ئەمساڵ دەکرێت ساڵی من بێت، بەڵام هێشتا ڕێگەیەکی درێژمان لەپێشە. هەموو کەسێک ئازادە لەوەی بەلایەوە باشترین یاریزانی جیهان کێیە."

لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوە کرد: "پێویست ناکات هەمووان وەک من بیر بکەنەوە. دەکرێت ئەمساڵ ساڵێکی باش بێت بۆ من تاوەکو باڵۆندۆر ببەمەوە، بەڵام دەنگدانەکە لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە ئەنجام دەدرێت و هەڵبژاردنەکەش بە دەستی ئەوانە."

مەبەست عەدنان

2 کاتژمێر پێش ئێستا